Accessibility links

بۆ ترامپ 2023 ساڵی لێپرسینەوە بوو، وە 2024 ساڵی دادگاییکردن دەبێت


لە ساڵی 2023 دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە یەکەم سەرۆک لە مێژووی 234 ساڵەی ئەمەریکادا کە بە ژمارەیەکی زۆر لە تاوانی جیاواز تۆمەتبار بکرێت.

لە کاتێکدا دانۆڵد ترامپ کاردەکات بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو جارێکی دیکە ببێتە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و لە ئێستاشدا بە گوێرەی سەرژمێرییەکان لە پێش کاندیدەکانی تری کۆمارییەکاندایە، ئەو ڕووبەڕووی چوار دۆسیەی یاسایی جیاواز دەبێتەوە.

ئەو چوار دۆسیانە پەیوەندییان بە چالاکییە بازرگانی و سیاسییەکانی ترامپەوە هەیە و بە گشتی 91 تۆمەتی لەسەر تۆمارکراوە.

چاوەڕواندەکرێت ساڵی 2024 ترامپ و بەشێک لە یاریدەدەرەکانی لەبەردەم ٤ دادگا ئامادەبن. زۆرێک لە سیاسەتمەداران و شارەزایانی یاسایی پێشبینی دەکەن ئەو دۆسیانە ببنە هۆی زیندانیکردن و دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن.

دۆسیەی پێدانی بەرتیل

لە 3ی مانگی سێی 2023، پارێزەری ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرک، ترامپی بە 34 تۆمەتی ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان تۆمەتبار کرد. ترامپ لەسەر ئەم پرسە لە دادگا ئامادە بوو و بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە بە تاوانێک تۆمەتبار بکرێت.

دیمەنێکی ئامادەبوونی ترامپ لە دادگای نیویۆرک، کە لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاو کرایەوە
دیمەنێکی ئامادەبوونی ترامپ لە دادگای نیویۆرک، کە لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاو کرایەوە

لێکۆڵینەوەیەکان لە سەر ئەو ساختەکارییە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ترامپ بەرتیلی بە ئەستێرەیەکی فیلمەکانی پۆرن داوە بە ناوی ستۆرمی دانییەلس بۆ ئەوەی لەبارەی پەیوەندییەکی سێکسی نێوانیان بێدەنگ لە چەند هەفتەی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016دا. ترامپ لەو هەڵبژاردنەدا شکستی هێنا.

داواکاری گشتی ناوچەی مانهاتن ڕایگەیاند، پارێزەری تایبەتی ترامپ لە مانگی دەی 2016دا بڕی 130 هەزار دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە داوە بە ستۆرمی دانیەلس. بە پیی دۆسێکە ترەمپ ئەو پارەیەی وەک خەرجی بازرگانی تۆمارکردووە.

بەپێی یاسای نیویۆرک، ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکان هەڵەیە بەڵام "تاوانێکی گەورە" نییە و کاتێک دەبێتە تاوانێکی گەورە کە "بە مەبەستی فێڵکردن" یان "بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوانێکی دیکە" یان "یارمەتیدان لە شاردنەوەی تاوانێکی دیکە" ئەنجامدرابێت.

ترامپ ویستی دۆسیەکە بگوازێتەوە بۆ دادگای فیدراڵی، بەڵام دادوەر بڕیاریدا کە دۆسیەکە لە دادگای پارێزگاکان دەمێنێتەوە.

دادگاییکردنی ترامپ لەسەر ئەم دۆسیەیە لە 25ی سێی 2024 دەست پێدەکات.

دۆسیەی بەڵگەنامە نهێنییەکان

لە 9ی شەشی 2023، دادوەرێکی فیدراڵی ویلایەتی فلۆریدا 37 تۆمەتی تاوانئ خستە پاڵ ترامپ، بەو پێیەی کە بەڵگەنامەی نهێنی لە کۆشکی سپییەوە گواستۆتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆ و بەرەنگاری داواکارییەکانی حکومەت بووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەیان.

ترامپ بە تۆمەتی شکاندنی حەوت یاسا تۆمەتبارکرا، کە هەریەکەیان پەیوەندییان بە دەستبەسەرداگرتنی سەدان بەڵگەنامەی نهێنی حکومەتەوە هەبوو کە دەبووایە لە ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمەریکادا پارێزراو بوونایە.

دۆزینەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە ماڵەکەی ترامپدا
دۆزینەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان لە ماڵەکەی ترامپدا

لە 8ی مانگی هەشتی 2022، بریکارەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) چوونە ناو ماڵی ترامپ لە مارلاگۆی ویلایەتی فلۆریدا و دەوترێت چەند بەڵگەنامەیەکی هەستیاریان دۆزییەوە کە پەیوەندییان بە پرسە هەستیارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەبووە.

لە 20ی پێنجی 2024، ترامپ لە شاری فۆرت پیرس لە ویلایەتی فلۆریدا بە تۆمەتی شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان دادگایی دەکرێت.

دۆسیەی هەوڵەکان بۆ دەستکاریکردنی هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا

لە 14ی هەشتی 2023، دادگای ناوچەی فولتن کاونتی لە ویلایەتی جۆرجیا، ترامپی بە 13 تۆمەت تۆمەتبار کرد، لەنێویاندا تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لەو ویلایەتە.

لە بەرواری 2ی یەکی 2021، چوار ڕۆژ پێش ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا سەرکەوتنی سەرۆک جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پشتڕاست بکاتەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ترامپ فشاری خستە سەر وەزیری دەرەوەی ویلایەتی جۆرجیا تا ئەو 11 هەزار و 780 دەنگە "بدۆزێتەوە" کە پێویستیبوو بۆ بردنەوەی ویلایەتەکە.

داواکارانی گشتی ڕایانگەیاندووە، ترامپ یاسای ویلایەتەکانی پێشێلکردووە بەم کارە.

پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەر ویلایەتێکی ئەمەریکا لە دەستەڵاتی وەزیری دەرەوەی ویلایەتەکانە.

لە ٥ی هەشتی 2024، بڕیارە داواکاری گشتی جۆرجیا پرۆسەی دادگاییکردن دژی ترامپ و 18 یاریدەدەرەکەی لەسەر ئەم پرسە دەستپێبکات.

دۆسێی پلاندانان بۆ ڕووداوەکانی مانگی یەکی 2021

لە 1ی هەشتی 2023، دەستەی دادوەری واشنتۆن، ترامپی بە چوار تۆمەت تۆمەتبار کرد کە بریتین لە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری، پیلانگێڕی بۆ ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمە فەرمییەکان، ڕێگریکردن لە ڕێوڕەسمەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، پیلانگێڕی بۆ سەرکوتکردنی مافەکانی ئەو هاوڵاتییانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردندا.

ڕۆژی 6ی یەکی 2021، دوای وتارەکەی ترامپ، لایەنگرانی ڕێپێوانیان بەرەو بینای کۆنگرێسی ئەمریکا برد و ڕێگریان لە پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا کرد. نەیارانی ترامپ دەڵێن، ئەوە گەورەترین هێرش و هەڕەشە بوو بۆ سەر گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ئەمەریکادا.

ڕۆژی 4ی سێی 2024، دادگاییکردنی دۆسیەی پلاندانانی 6ی یەک دەست پێدەکات، واتا تەنها ڕۆژێک پێش "سێشەممەی مەزن” کە تێیدا بەشێکی زۆر لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا پرۆسەی هەڵبژاردنی بەرایی دەستپێدەکەن.

جگە لەم دۆسیانە، چەند پرسیارێکی دیکەی یاسایی لە دژی ترامپ و ئیدارەکەی و منداڵەکانی تۆمارکراون.

سەرەڕای ئەم دۆسیانە دژی ترامپ، ڕێژەی پشتیوانییەکانی لەناو پارتی کۆمارییەکان بەرز دەبێتەوە. ترامپ و لایەنگرانی ئیدارەی بایدن تۆمەتبار دەکەن بەوەی گوایە دادگاکان و سیستمی داد بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکانیانی و هەراسانکردنی نەیارانی سیاسی خۆیای بەکاردەهێنێت.

ئەگەر ترامپ لە هەریەکێک لەو کەیسانەدا سزا بدرێت، ئەوا دەکرێت لەڕووی یاساییەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی قەدەغە بکرێت. بۆیە پارێزەرەکانی دەیانەوێت دادگاییکردنەکان دوابخرێن بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 5ی یازدەی 2024 ئەنجامبردێت.

XS
SM
MD
LG