سەرچاوە ئاسایشیەکانی عێراق ڕایانگەیاند له ئه نجامی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ شوێن له عێراق که له لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن، لانیکەم ئەندامێکی گرووپێکی سەر بە ئێران کوژراوه و 24ی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە یەکێک لەو هێرشانە بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە سەنتەری شاری حەلەی کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و 20 کەسیش بریندار بوون.
لە هێرشێکی دیکەدا لە پارێزگای واست لە باشووری ئەو وڵاتە چوار کەسی دیکە بریندار بوون.
چەند کاتژمێرێک پێشتر ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر سێ دامەزراوەی کەتایب حزبوڵڵا و گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ زنجیرەیەک لە هێرشەکان بۆ سەر کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ سەر شوێنی سەربازە ئەمەریکاییەکان لە هەرێمی کوردستان، سێ سەربازی ئەمەریکایی برینداربوون.
ئادرین واتسۆن وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە هێرشەکەدا کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕوویداوە، یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئەمەریکا بە قورسی بریندار بووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس دوای ئەوەی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە هەرێمی کوردستان برینداربوون، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە سوپای وڵاتە کردووەوە هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوە لە دژی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجام بدەن.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا هێرشی پێویستیان بۆ سەر سێ بنکەی کەتایب حزبوڵڵا و گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئەنجامداوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی ئەمریکا وەڵامێکە بۆ چەندین هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا.
سوپای ئەمەریکا چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئەو گرووپانە لە عێراق و سوریا.
حکومەتی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 12ی ئەم مانگە ڕەخنەی لە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران گرت و ئەو کارەی بە "دوژمنانە" ناودێر کرد.
بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە