Accessibility links

بەرپرسانی غەززە: بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە شەوی ڕابردوو دەیان کەس کوژراون 


کاربەدەستانی تەندروستی فەلەستینییەکان ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە لانیکەم 78 کەس لە غەززە کوژران. دەشڵێن شەوی ڕابردوو یەکێک بوو لە کوشندەترین شەوەکانی ئەو ناوچە گەمارۆدراوە لە سەرەتای ئەو شەڕەی کە ئەوە بۆ 11 هەفتە دەچێت بەردەوامە دژ بە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.

بۆردومانەکان کە چەند کاتژمێرێک پێش نیوە شەو دەستیان پێکرد تا ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بوون. دانیشتوان و میدیا فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەمپی ئەلبەریج لە ناوەڕاستی غەززە زیادکردووە.

پاپا فرانسیس لە شەوی کرسمسدا لە قسەکانیدا، خەمباری خۆی ڕاگەیاند و وتی پەیامی ئاشتی عیسا بەهۆی "لۆژیکی بێهودەیی شەڕەوە" هەر لەو خاکەی کە عیسا تیایدا لەدایک بووە، دەخنکێنرێت.

ئەشرەف ئەلقودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا کە مەغازی لە ناوەڕاستی غەززە کردبوو بە ئامانج، لانیکەم 70 کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ بوون.

دانیشتوانی خۆجێهی کەمپەکانی پەنابەرانی ناوەڕاستی غەززە ڕایانگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە یەکێک لە خراپترین شەوەکانیان بەسەر بردووە. فڕۆکە و تانکەکانی ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ماڵ و ڕێگاکانی ئەلبورێج و نزیک ئەلنوسەیڕات و ئەلمەغازی ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی ڕووداوێکی مەغازی دەکات و پابەندە بە کەمکردنەوەی زیانەکانی خەڵکی سڤیل. حەماس ئەو تۆمەتەی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە کە لە ناوچە چڕەکانی دانیشتووان کاردەکات یان خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.

پاش هێرشێکی حەماس لە 7 ی مانگی 10 بۆ سەر نیشتەجێگای جووەکان لە ئیسرائیل و کوشتنی زیاتر لە 1200 کەس، ئیسرائیل دەستی بە هەڵمەتێکی لەشکری کرد بۆ لەناوبردنی حەماس. بە پێی وەزارەتی تەندروستی سەر بە حەماس، هەتا ئێستا زیاتر لە 18 هەزار کەسی سیڤیل بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG