Accessibility links

باڵندە هەڵۆییە دەگمەنەکانی هەرێمی کوردستان ڕاودەکرێن و بۆ کەنداو دەگوازرێنەوە


قووش
قووش

باڵندە دەگمەنەکانی سەر بە خێزانی هەڵۆ لە چیاکانی هەرێمی کوردستان ئێستا چاوی بازرگانە دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی کەنداویان لەسەرە. چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن ڕاوکردنی باڵندەی ناسراو بە قووش و شاهینی شاخی (جەبەلی) و شاهینی دەریایی ئیستا بوونەتە مایەی بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی زۆری پارە بۆ ئەو ڕاوچیانەی کە دواتر باڵندەکان بە "دەستاودەست" دەگوازنەوە بۆ وڵاتانی وەکو ئیماڕات.

ڕاوچییەکی ئاگادار لە ناوچەی گەرمیان کە گفتوگۆ دەنگییەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕایگەیان کە ڕاوی باڵندەکان سەرەتای مانگی 9 تا کۆتایی مانگی 11 دەستپێدەکات و دواتر بازرگانەکان بە گوێرەی "جوانی و تەمەنی" باڵندەکان لە نیوان بڕی 5 سەد دۆلاری ئەمەریکی تا 350 هەزار دۆلار مامەڵە بە باڵندەکانەوە دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ وڵاتانی کەنداو.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لەمبارەوە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە ئاگاداری ئەو جۆرە ڕاوکردنەین و سەرجەم ڕاوچیەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و هۆشیداریمانداوە لەوەی ڕاو نەکەن، هەر کەس ڕاو بکات و دەستگیربکرێت ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە و چاو پۆشی لە هیچ کەس ناکەین."

ئەو ڕاوچیەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ساڵانێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە بژێوی ژیانی لە سەر ڕاوکردنە و دەڵێت، " زۆرینەی ئەو جۆرە باڵندانەی لەم وەرزە ڕاو دەکرێن شاهینی جەبەلی و شاهینی دەریاین. بە دەگمەن قووشی ئازاد ڕاو دەکرێت، چونکە زۆر کەمە و تەنها ئەوە نەبێت ساڵی پار لەناوچەی سەوز بڵاخ لە سنوری قەزای خانەقین لەئیدارەی گەرمیان دانەیەک لەلایەن دوو ڕاوچی کورد و عەرەبەوە ڕاوکرا و فرۆشرا بە بازرگانێکی عەرەب کە خەڵکی بەلەدروز بوو بەبڕی 50 ملیۆن دینار."

کلتوری بەخێوکردنی باڵندەکانی سەر بە تیرەی هەڵۆیان لە وڵاتانی کەنداو مێژووێکی کۆنی هەیە و دەستەڵاتدارانی ناوچەکە تێیدا بەشدارن و زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکان دەردەکەون لەگەڵ باڵندەی قووش و جۆرەکانی شاهین.
تەنانەت کاتێک لە 17ی هەشتی ئەمساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئیماڕاتی کرد، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵه‌ سەرۆکی ئیمارات شێخ محه‌ممه‌د بن زاید ئال نەهیان لە شاری ئەبوزەبی، هەردوو سەرکردە دەردەکەون کە کە سەیری ئەم جۆرە باڵندانە دەکەن.

بەگوێرەی چاودێران، بازرگانەکانی کەنداو بۆ دەستکەوتنی قووش و جۆرەکانی شاهین ئێستا پەنایان هێناوەتە بەر عێراق و هەرێمی کوردستان تا باڵدارە ڕاوکەرەکان بکڕن و ڕاهێنانیان پێبکەن و ئامادەیانبکەن بۆ ڕاوکردن.

کۆڕش ئارات مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە ڕێکخراوی سروشستی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە ڕێکخراوەکەی لەسەر ئەم پرسە وەزیری ژینگەی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە، بۆیە بۆ ئەمساڵ ڕیگە نەدراوە بە ڕاوکردنیان بەشێوەیەکی فەرمی ، بۆیە "ئەوەی بکرێت بەنهێنیە."

کۆڕش ئارات وتی، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق مۆڵەتی ڕاوکردنی دابوو بە بازرگانەکان و ڕاوچیەکان، ئەمەش قڕکردنی باڵندە دەگمەنەکانی دروستکردبوو."

بەگوێرەی نەبەز هۆرینی، شارەزا لە بواری ژینگە و ژیانی کێوی، لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕاوێکی "بێشوومار" لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەنجامدراوە و "بووە بەدیاردەیەکی گەورە."

نەبەز هۆرینی ڕایگەیاند، "ئەتوانم بڵیم بەڕێژەیەکی کەم بەرپرسی تێدایە و ئەوەی هەیە خەڵکە ئاسایە کەیە و پەیوەندیان لەگەڵ عەرەبەکانی ئیمارات و قەتەردا هەیە و دوای ڕاوکردنی ئەو باڵندانە دەستاو دەست دەگاتە وڵاتانی کەنداو."

شارەزاکەی بواری ژینگە و ژیانی کێوی وتیشی، "بەپێی بەدواداچوونەکانمان کە کردوومانە هەندێکجار بازرگانەکان خۆشیان دێنە کوردستان و خۆیان ڕاوەکە دەکەن یاخود بەپێش چاوی خۆیانەوە ڕاوەکەیان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەو ڕاوەی دەیکەن کە بەڵی باڵندەی کوردستانە، هەروەها ئەوان مەرجیان هەیە بۆ باڵندەکە بۆ نموونە گەر بێچوو بوو و لە هێلانەدا بوو ئەوە پارەی زیاتر دەکات، چونکە بەئاسانی پەروەردە دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ ڕاوکردن."

بەوتەی ئەو ڕاوچییەی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، "شاهینی جەبەلی" درێژیەکەی لەنێوان 11 بۆ 14 سەنتمە و "شاهینی دەریایی" لەنێوان 13 بۆ 16 سانتمە. بەڵام قووش بەهۆی جوانی ڕەنگ و چاوی و لێهاتووی لە ڕاوکردنی نێچرەکان بڕە پارەیەکی "یەکجار زۆر" دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی قەدەغە کردووە و بەرپرسانی حکومەت باس لە گرگنی دابینکردنی ناوچەی تایبەت بە پاراستنیان دەکەن.

لە ڕۆژی 11ی ئەم مانگە، دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند حکومەتی قەتەر نیازی وایە ناوچەیەک بۆ پاراستنی باڵندە دەگمەنە کۆچەرییەکان لە هەرێمی کوردستان دروست بکات و بۆ ئەو مەبەستە سەرکونسوڵی گشتی دەوڵەتی قەتەر سەردانی محەمەد شوکوری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کرد بۆ هاوکاری لە دروستکردنی ناوچەیەکی سەلامەت بۆ پارێزگاری لە باڵدارە کۆچەریەکان و هەوڵدان بۆ زیادکردنیان.

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم دەڵێت بۆ ئەو مەبەستە دەشتەکانی شەمامک و کەندێناوە لە سەر ڕووبەری 400 دۆنم زەوی دیاریکراون بۆ پرۆژەکە.
بەرگەشت ئاکرێیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم، لەبارەی پرۆژەکە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی هەرێم هەموو کارئاسانیەک بۆ ئەو پرۆژە گرنگە دەکات و زەوی پێویستی بۆ تەرخان دەکات و تێچووی پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی قەترەوە جێ بەجێ دەکرێت."

بەرگەشت ئاکرێیی وتی، "ئامانج لە پرۆژەکە کە وڵاتی قەتەر زۆری لا مەبەستە پارێزگاریکردنە لە و باڵندە کۆچەریە دەگمەنانەی کە لە وڵاتان بەرە و لە ناوچوون دەچن. دیارە ساڵانە ژمارەیەکیان دێنە کوردستان و لە و ڕێگایەوە دەتوانرێت گرنگی بەزیادکردنیان بدرێت و پارێزگاریشیان لێبکرێت. هەروەها پرۆژەکە دەستی کاری باشیش دەڕەخسێنێت، لەوانەیە 250 بۆ 400 کەس بخاتە کار."

ڕاشێگەیاند، "شورا بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێت کە بڕیارە دروست بکرێت."

کۆڕش ئارات مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە ڕێکخراوی سروشستی عێراق، پرۆژەی پاراستنی باڵندە دەگمەنەکان بەگرنگ دەبینێت.
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە ستاندارد باڵندە دەگمەنەکان زیاد بکرێت زۆر گرنگە، وە بوونی لە نەبوونی زۆر باشترە کە ناوچەیەکی پارێزراو هەبێت، چونکە دەتوانرێت بەشێکی باشی لێ بگەڕێننەوە بۆ نێو سروشت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:30 0:00
XS
SM
MD
LG