Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا داوا لە خێزانەکانی ئەو وڵاتە دەکەن بە کوتان منداڵەکانیان بپارێزن


نەیارانی پڕۆژە یاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی ئایینی بۆ کوتانی پێویست لە قوتابخانەکاندا لە ولایەتی کۆنێتیکت
نەیارانی پڕۆژە یاسایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی ئایینی بۆ کوتانی پێویست لە قوتابخانەکاندا لە ولایەتی کۆنێتیکت

کاتێک نەخۆشی دەگمەنی سورێژە چەند مانگێک لەمەوبەر لە ولایەتی ئیداهۆ دەرکەوت، بەرپرسانی تەندروستی هەوڵیان دا ڕێگری لە بڵاوبوونەوەکەی بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا 10 کەس کە هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون، تووشی نەخۆشییەکە بوون، ئەمەش بەو هۆیەوە کە هیچ کام لەو دە کەسە ڤاکسینی سورێژەیان وەرنەگرتبوو.

دکتۆر پێری جانسن بەڕێوەبەری پزیشکی هەرێمەکە وتی ئەمجارەیان حکومەت شانسی هەبوو و توانرا خێزانەکە بەخێرایی کەرەنتینە بکەن و منداڵەکان لە ماڵەوە مانەوە و فێری خوێندن دەکران. گوتیشی لەوانەیە بەهۆی کەمی ڕێژەی کوتاندنەکانەوە لە ویلایەتەکە نەخۆشییەکە بە شیوەیەکی خراپتر بڵاوببوایە ئەگەر منداڵەکان لە قوتابخانە گشتییەکاندا بوونایە.

ساڵی ڕابردوو لە ویلایەتی ئیداهۆ، دایک و باوکەکان لەو ویلایەتە خۆیان لە کوتاندنی مندالەکانیان دزییەوە بە ڕێژەی لە سەدا 12 ی منداڵانی باخچەی ساوایان نەکوترابوون کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە وڵاتەکەدا.

جانسن بەڕێوەبەری پزیشکی بەشی تەندروستی ناوچەی باشووری ڕۆژئاوا کە لە مانگی نۆدا مامەڵەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی کردبوو وتی "ئێمە ئەوەمان لەبیر دەچێت کە نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان خەڵک دەکوژێت".

هەموو ویلایەتەکان داوا دەکەن منداڵان هەندێک ڤاکسینی ڕۆتینی وەربگرن ، ئەوانەی لە قوتابخانەی گشتین و زۆرجار قوتابخانەکانی تایبەتیش و داینگەکانن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە باوەکانی منداڵان وەک سورێژە، کۆکە ڕەشە، مێکوتە، ئاوڵە و ئیفلیجی منداڵ، بەڵام ڕێگە دەدرێت بەو منداڵانەی کە هۆکاری تەندروستیان هەیە هیچ لەم ڤاکسینانە وەرنەگرن. هەروەها زۆربەی وڵایەتەکان لەبەر هۆکاری بنەمای بیروباوڕی ئاینی و 15 یان لەبەر هەر هۆکارێکی تایبەتی کەسایەتی ڕێگە بە وەرنەگرتنی ڤاکسین دەدەن.

ساڵی ڕابردووی خوێندن، لێخۆشبوون لە کوتاندن لەنێو منداڵانی باخچەی ساوایان گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی کە بە گشتی 3٪ بوو بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان. وەرنەگرتنی ڤاکسین بە هۆکاری باوەڕی ئایینی یان کەسی لە زیادبووندایە بە هۆی ئەوەی هەندێک لە ولایەتەکان یاساکانیان کەمکردۆتەوە، یان لە هەندێکی تردا بە هۆی زانیاری هەڵە لەسەر ڤاکسین و هەروەها وتاری سیاسیییەوە کە لە ماوەی پەتای کۆڤید-19دا، دران، زیادیکردووە.

وەزارەتی تەندروستی ولایەتی ئیداهۆ دەڵێت، لە ولایەتەکەیاندا " پێویستە دایک و باوکێک تەنها نووسراوێکی واژۆکراو پێشکەش بکەن" تا لە منداڵەکانیان خۆشبن و ڤاکسین وەرنەگرن.

بڵاوبوونەوەی سورێژە لە مانگی نۆدا دەستی پێکرد کاتێک دانیشتوویەکی نامپا، سێیەم گەورەترین شاری ویلایەتەکە، لە گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات گەرانەوە ئەمەریکا . سورێژە بە زۆری لە ڕێگەی گەشتەوە دەهێنرێتە ناو ئەمەریکا لەبەر ئەوەی ڤاکسینیەکردنی خەڵک، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی لە ئەمەریکا لەناوبردووە.

شارەزایان دەڵێن ڕێژەیەکی زۆر بەرزی کوتان پێویستە - نزیکەی 95٪ - بۆ پاراستن لە بڵاوبوونەوەی سورێژە و نەخۆشییەکانی تر. لە ماوەی پەتاکەدا، ڕێژەی کوتانی نیشتمانی لە نێوان منداڵانی باخچەی ساوایان بۆ 93٪ دابەزیبوو.
شارەزایانی تەندروستی دەڵێن دەستێوەردان لە هەموو ئاستێکدا پێویستە بۆ کوتانی زیاتری منداڵان و پزیشکەکان دەبێت قسە لەگەڵ دایک و باوکان بکەن و لە ڕێی هەڵمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسین لە هەندێک بواردا و هەروەها سەپاندنی کوتان لەلایەن قوتابخانەکانەوە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ساڵی ڕابردوو زۆربەی ویلایەتەکان زیادبوونی حاڵەتی لێخۆشبوونیان بە خۆوە بینیبوو. هاوایی کە ڕێگە بە لێخۆشبوون لە ڤاکسین دەدات لەبەر هۆکاری پزیشکی و ئایینی ، ڕێژەکانی بە بەراورد بە ساڵی خوێندنی پێشوو دوو هێندە زیادی کردووە. نزیکەی 6.5%ی منداڵانی باخچەی ساوایان لێخۆشبوونیان هەیە بۆ لانیکەم یەک ڤاکسینی پێویست.

لە کاتێکدا هەندێک لە ویلایەتەکان ئاسانکارییان کردووە بۆ مەسەلەی لێخۆشبوون لە کوتان هەندێکی تریش قەدەغەیان کردووە. ولایەتی کۆنێتیکت لە ساڵی 2021دا لێخۆشبوون لە کوتان لەبەر هۆکاری ئایینی نەهێشت کە لە مێژەوە پیادەی دەکرد و چووە پاڵ کالیفۆرنیا و وێست ڤرجینیا ، نیویۆرک و مەین و تەنها ڕێگەی بە لێخۆشبوونی پزیشکی دا. گۆڕانکارییەکە ناڕەزایەتی و داوای یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێستا تەنها لێخۆشبوونی پزیشکی پەیڕەو دەکرێت، ڕێژەی کوتانی منداڵانی باخچەی ساوایان ساڵی ڕابردوو گەیشتە ٩٧% یان زیاتر؛ ڕێژەی لێخۆشبوون لە کوتان بۆ کەمتر لە 1% دابەزی.

ولایەتی جۆرجیا لە ساڵی ڕابردوودا دووەم گەورەترین ڕێژەی کەمبوونەوەی لێخۆشبوون لە ڤاکسینی هەبوو، لە 4.7٪ بۆ 3.8٪. کاربەدەستانی تەندروستی ویلایەتەکە ئاماژەیان بە گەڕانەوەی کوتاندن بەشێویەکی جێگیر لە دوای پەتاکەوە کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ هاوکارییەکان نێوان قوتابخانەکان و کەرتی تەندروستی گشتی و پزیشکی منداڵان وەک هۆکارێکی شیاو بۆ باشتربوونەکە.

دکتۆر ئەنجێلا هایباو-باتڵ بۆ ماوەی 17 ساڵە چاودێری منداڵان دەکات لە دێهاتەکانی ولایەتی جۆرجیا و ئێستا لە کۆمەڵگەی بچووکی کەناری سانت ماری کاردەکات. دەڵێت ئێستا کاتی زیاتر بەسەر دەبات بە قسەکردن لەگەڵ ئەو دایک و باوکانەی نیگەرانن سەبارەت بە کوتاندنی ڕۆتینی منداڵان.

ئەو دەڵێت "هەموو پەیوەندییەک، هەموو گفتوگۆیەک، دەرفەتێکە بۆ فێرکردن، ئەوە دەربارەی بردنەوە یان دۆڕان نییە".

XS
SM
MD
LG