وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر 10 کۆمپانیا و چوار کەسدا سەپاندووە کە بنکەکانیان لە ئێران، مالیزیا، هۆنگ کۆنگ و ئەندەنوسیایە و تۆمەتباریان دەکات بە پشتیوانیکردن لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند ئەم تۆڕە ئاسانکاری کردووە بۆ کڕینی پارچەی بە بەهای سەدان هەزار دۆلاری بۆ سوپای پاسداران و بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەی.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری تیرۆر و هەواڵگری دارایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند"بەرهەمهێنانی نایاسایی و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کوشندە لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامە بۆ گرووپە بەکرێگیراوە تیرۆریستییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ڕووسیا، کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و درێژکردنەوەی ململانێکان و تێکدانی سەقامگیری".
واشنتن لە مێژە تارانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو جۆرە چەکانەی بۆ ڕووسیا دابین دەکات و ئەویش لە شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دابین بکات بۆ بەکارهێنانی لە شەڕەکەی دژ بە ئۆکرانیا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز