Accessibility links

چالاکوانێکی خەڵکی مەهاباد بە 45 مانگ زیندانیکردن سزا دەدرێت


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە ئەشکان فەهیم، چالاکوانی ئەدەبی و فەرهەنگی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە 45 مانگ زیندانیکردن سزا دراوە. مافی مرۆڤی هەنگاو لە هەواڵێکدا لەم بارەیەوە نووسیوێتی ئەشکان فەهیم بە تۆمەتی " بەشداری لە کۆبوونەوە دژی ئاسایشی نیشتمانی" جگە لە سزای 45 مانگ زیندانیکردن، بە دوو ساڵ درووخستنەوەی لە شارەکەشی سزا دراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکارییەکانی ئەو تۆمەتە و نموونەکانی بڵاونەکراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز، سەپاندنی سزا بەسەر ئەشکان فەهیم لە کاتێکدایە کە ئەو چالاکوانە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و هەروەها دادگا مافی دەستڕاگەیشتنی پارێزەرەکەی بە بەڵگەنامەکانی ئەو چالاکوانەی قەدەغە کردووە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەشکان فەهیم، محەمەد تەدەیۆنی، ڕەزا ئەندێشە و ڕزگار ڕەحیمیان مانگی نۆی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی کوردستان پێشتر بڵاویکردبووەوە کە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە لایەن 60 هێزی چەکداری سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراوە.

ئەو ڕێکخراوە نووسیبووی هێزەکانی سوپای پاسداران سەرەتا دەرگا و پەنجەرەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو کەسانەیان شکاندووە، دواتر بە توندوتیژییەکی زۆر و لێدان ئەو کەسانەیان بریندار کردووە و دەستگیریان کردوون.

ڕەزا ئەندێشە و ڕزگار ڕەحیمیان دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام ئەشکان فەهیم و محەمەد تەدەیۆنی بە تۆمەتی هاوشێوە بە 45 مانگ زیندانیکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوەیان لە شاری خۆیان سزا دراون.

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی کورد، دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن،ژیان، ئازادی" شەپۆلێکی بەرفراوانی بانگهێشتکردن، گرتن و دەرکردنی سزای قورس لە دژی چالاکوانان زیادی کردووە.

XS
SM
MD
LG