Accessibility links

لە پاش ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری پێشووی باجی هەرێم لێدوان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەداتەوە


وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە لێدوانێکی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکی دەنگی ئەمەریکا. وەزارەتەکە لێدوانەکەی بەڕێوەبەری پێشووی ڕەتکردەوە و بە درۆیەکی شاخدار ناودێری کرد.

زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجی هەرێم لە پاش ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی لێدوانی بۆ دەنگی ئەمەریکا دایەوە و تیایدا جەختی کردەوە سەر لێدوانەکانی پێشووی لە بەرنامەی "بابەتی ڕۆژی" دەنگی ئەمەریکا و وتی هەندێک میدیا و پەیجی سەر سۆشیال میدیا لێدوانەکانیان بە تەواوی نەگواستووەتەوە. دووپاتیشی کردەوە ئەو هەتا ساڵی 2016 لەو پۆستەدا بووە و لێدوانەکانی تەنیا پەیوەستن بەو کاتەی لەو پۆستەدا بووە.

وتی "من بەرپرسم و باسی هەتا مانگی چواری ساڵی 2016م کردووە، ئەو ماوەی چوار ساڵەی کە من کارمکردووە بە نزیکەی داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار لەگەڵ لە 3%ی باجی گومرگی لەگەڵ (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) ئەمانە لای ئێمە تۆمار نەدەکرا لە باج چونکە لە 3% لە گومرگ تۆمار کرابوو، (استقتاع مباشر-لێبڕنی ڕاستەوخۆ) لە خەزێنە تۆمار دەکرا، ئەگەر تۆمارمان بکردنایە سەر لەنوێ لەبەغداد (مەقاسە)یان دەکرد، چونکە عێراق وەک دوژمنێک سەیری ئێمەی دەکرد."

زیاتر ڕوونیکردەوە و وتی" لە 2012 نزیکەی 130 ملیار، لە 2013، 160 ملیار، لە ساڵی 2014 ، 212ملیار ، لە ساڵی 2015 ، 190 ملیار، ئەو چوار مانگەی ساڵی 2016 نزیکەی 40 ملیار دینار داهات بوو، ، واتە ئاوەها کە لێکی دەدەینەوە نزیکەی 700 ملیارێک دەکات لە چوار ساڵ و چوار مانگە + لە 3% لەگەڵ کۆدەکەیتەوە دەکاتە نزیکەی 800 ملیار، من وەهاموت نەک ساڵانە، نەموت بە ڕەسمی، ئیتر نازانم وەزارەتی دارایی بۆ بەوە مشەوەش بوون! خۆزگەم دەخواست بە وردی گوێ لە دەنگی بەرنامەکەی بەشی کوردی بگرن، ئینجا ڕوونکردنەوەیان بدایە."

زانیار محەمەد وتیشی "لە سەردەمی ڕەحمەتی شێخ بایز کە گفتوگۆمان دەکرد، دەموت ئەو لە 3%یە داخڵی لای ئێمە بکەن بەس ئەو ڕەحمەتییە دەستەواژەی هەمووی یەک سەبەتەیەی بەکاردەهێنا."

سەبارەت بەو ڕەخنانەی لێی گیراون لە لایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڕێوەبەری پێشووی گشتی باجەکانی هەرێم وتی،"ئەو قسانەی من کەسانێک کە شارەزایە لە باج تێدەگات و هەزمی دەکات، بەڵام خەڵکانێکی کە لە باج کارییان نەکردبێت هەرچەندە ئاستی زانستییان بەرز بێت بە جۆرێکی تر لێکدەدرێتەوە."

وتیشی" وەزارەتی دارایی گوێی لە قسەکانی من لە بەشی کوردی نەگرتووە و ڕوونکردنەوەی داوە، لانی کەم هیچ کەس پێش ڕوونکردنەوە و تۆمەتبارکردنم پەیوەندی پێوەنەکردم، بەڵکو هاتوون لەسەر بنەمای کۆمەڵە پەیجێک یان کەسانێک کە ڕقی شەخسییان بەرامبەرم هەیە لێکدانەوەیان بۆ قسەکانم کردووە."

جگە لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، خودی وەزیری دارایی لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە وتی "دەبێت بەڕێوەبەری پێشووی باج بۆمان بسەلمێنێت ئەو داهاتی باجەی باسی دەکات چی لێهاتووە و بۆمان بهێنێتەوە."

بەڵام بەڕێوەبەری پێشووی باجی هەرێم دەڵێت" جەنابی وەزیری دارایی ڕێزی هەیە، ناهەقی نییە، ئەویش ڕەنگە وەها بیستبێتی، ناهەقی ناگرم کە لە چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بە گەورەیی نووسیویانە ئێمە پارە لە بەغداد دەشارینەوە، دوای ئەوە من باسی 2012 هەتا 2016 دەکەم ، دوای ئەوە وەزارەتی دارایی نەدەکرا بەو شێوازە توندە وەڵام بداتەوە."

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی کە هەر ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجی هەرێم بڵاویکردبوەوە ڕایگەیاندبوو "خۆی کێشەی یاسایی هەبووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کەیسەکەی ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی هەولێر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی کراوە."

لە بەرامبەردا زانیار محەمەد قادر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی"بەڵێ من کەیسم لە دەستەی دەستپاکی، زۆر کەسی تریش کەیسی هەبووە و کەیسەکەش چۆتە دەستەی دەستپاکی، دواتر چۆتە دادگای لێکۆڵینەوە و لە دادگاش (بەرائە)م بۆ هاتەوە هیچم بەسەردا ساغ نەبوەوە و بڕیاری کۆتایی درا بە بێتاوان دەرچوونی من لە ساڵی 2019، دواتر بە هەمان پلە گەڕامەوە سەر پلەکەی خۆم بە موچەی خۆم و دەوامی خۆم هەتا ساڵی 2022 لەو پۆستەدا بووم و دواتر داوای خانەنشین بوونم کرد، خۆ ئەوە شاراوە نییە."

هەروەها وتیشی "کەیسەکەی من لەلایەن چەند کەسێکەوە کە شارەزا نەبوون لە بابەتی باج، کە ئەمەش ئاساییە درابووە دەستەی دەستپاکی دواتر لە دادگا بڕیاری بێتاوانبوون بە پلەی کۆتایی بۆ دەرچوو."

جگە لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە سۆشیاڵ میدیای عەرەبیش لێدوانەکەی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجی هەرێمی بڵاوکردەوە.

زانیار محەمەد قادر دەڵێت "ئاساییە، لە چەند پەیجێکی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە با پێی سەغڵەت نەبن، چونکە باوەڕ ناکەم پەیجی عەرەبی شتی باش بنووسن، ئێمە چەندین جار دەستخۆشیمان لەم کابینەیە و چاکسازییەکانی کردووە کەس باسی ناکات، بەڵام کە قسەیەک ئاوا هەڵە تێگەیشتنی هەندێک کەس بووە ئاوا دەیکەنە هەرا، ئەمەش لەبەر ئەوەی وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بابەتی موچە و شایستە داراییەکان سەردانی بەغداد دەکەن، بۆیە هەندێک کەناڵی عەرەبی و هەندێک لە کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن وەها لێکدانەوەیان بۆ کردووە کە هەرێم شەفاف نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد تێکبچێت، هەرچەندە ئەو بابەتانەی باسکراوە هی ساڵانی کۆنە کە هیچ پەیوەندیدار نییە بە بابەتە هەنوکەییەکان."

"بەڕێوەبەری پێشووی باج و خانوبەرەی هەرێم ئەوەشی وت" کەس نەهات تەلەفۆنێک بۆ خۆم بکات یان هەر بگەڕانایەوە سەر بەرنامەکەی دەنگی ئەمەریکا کە لەوێ بە تەواوی نووسراوە و دانراوە، هیوادارم وەزارەتی دارایش بە سنگێکی فراوان وەربگرێت بابەتەکە تەنها ئەو لە 3%یەیە کە باسم کردووە و هیچ پارە شاردنەوە و کێشەی یاسایی تێدا نییە.

XS
SM
MD
LG