Accessibility links

زیادکردنی ڕێژەی باج لە هەرێمی کوردستان


سەرەڕای نیگەرانییەکان لە نەبوونی موچە لە کاتی خۆیدا لە هەرێمی کوردستاندا، زیادکردنی باجیش خەڵکێکی زۆری بێزارکردووە. ئەمە لە کاتێکدا کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی خولە یاساییەکەیدا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەیتوانی یاسایەک بۆ باج وەرگرتن دەربکات.
دەپرسین:
بنەمای دیاریکردنی باج لە هەرێمی کوردستان چییە و چۆنە؟
هەتا چەند ڕەچاوی دۆخی دارایی و داهاتی تاک دەکرێت لە دیاریکردنی باجدا؟
بۆچی دەوترێت کۆمپانیا گەورەکان بە بڕیاری تایبەت لە باج بەخشراون، بەڵام باج لەسەر خاوەن کارە بچوکەکان دادەنرێت و بەخشینی نییە؟
هەتا چەند باج بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت و چی بەو باجە کراوە؟
لە بەرنامەی بابەتی تاووتوێی پرسی سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- عەلی عەبدولڕەحمان ، جێگری بەڕێوەبەری گشتی باجی هەرێمی کوردستان.
2- دکتۆر محەمەد عەلی، ئابوریناس.
3- زانیار محەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی پێشووی باجەکان و خانووبەری هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 1:10:32 0:00

زانیار محەمەد قادر:
"ئەو باجەی ئەمڕۆ لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت لەگەڵ دۆخ و ژیانی ئەمڕۆیاندا ناگونجێت. بێگومان لە باجدا پارێزگایەک لەچاو پارێزگایەکی تر غەدری لێدەکرێت، بۆیە دەسەڵات دراوە بە وەزیری دارایی لە یاساکەدا کە لێخۆشبوون دەربکات."

"دەبێت شارەزایان کۆببەنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیان و دەسهاتی خەڵکی هەتا بتوانن سیستمێکی یەکگرتووی باج دابنرێت و ڕەچاوی ناوچەکان بکرێت."

"ئێستا لە دائیرەی باج (موکافەئە و حەوافزی) خۆی هەیە، لەم ڕۆژانەدا پرسیارم کرد ئەرێ ئەو خۆپیشاندانانەی فەرمانبەرانی سلێمانی فەرمانبەرانی باجی تێدایە؟ وتیان نەخێر؟ وتم تەواوە چونکە ئێستا مانگانە فەرمانبەرانی باج موکافەئەی خۆیان هەیە مانگانە 150 هەزار دینار هەتا 200 هەزار دینار، بۆیە ئێستا فەرمانبەرانی باج خۆپیشاندان ناکەن، ئەگەرنا سەردەمی من هەر لافاوێک هەڵبستایە یەکەم شوێن فەرمانبەرانی باج خۆپیشاندانیان دەکرد."

"ئێمە ئەو کات ساڵانە بەس لە داهاتی باج دەگەیشتینە 800 ملیار دینار بەس لەبەر مەقاسەی عێراق بە ڕەسمی دەمانوت 220 ملیار دینار، واتە ئەو ژمارەیەمان داخڵ دەکرد و دەنووسی."

" سەد لە سەد لە سەپاندنی باج دادپەروەری نەبووە. کوا لە کوێی دنیا هەبووە تا لە کوردستان هەبێت؟! پێویستە حکومەت لە وەرگرتنی باجدا دەستی خۆی شل بکات و کەمخۆری دایم خۆر بێت."

"لە سەردەمی ئێمەدا بەربەستی وەرگرتنی باج زۆر زۆر کەمبوو، چونکە زۆر بە ئاسانی باجمان وەردەگرت، ئەو ئیجرائاتە توندەی ئێستا هەیە ئەوەمان بەکارنەدەهێنا، حەزمان دەکرد خەڵک بەپێی خۆی بێت باج بدات و دائیرەکە بەهی خۆی بزانێت، وەک کەمخۆری دایم خۆر وابوین کەمە کەمە باجمان کۆدەکردەوە، بەس ئەو باجەی ئێستا لە هەرێم وەردەگیرێت حەلوشە، ئیجرائات زۆر و توندن، خەڵک عاجز دەبێت لەو حکومەتە بەم شێوەیەی ئێستا، کە خەڵک موچەی وەرنەگرێت چۆن بتوانێت کاڵا بکڕێت و چۆن بازاڕ بۆ بازرگانان بکرێتەوە؟ پارە هەمیشە بازنەییە."

عەلی عەبدولڕەحمان:
سەپاندنی باج و لێخۆشبوونی باج لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا کراوە، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا سیستمێکی بانکی ورد نییە لە هەرێم و عێراق کە بتوانرێت باج لەسەر ئەو بنەمایە دیاریبکرێت، بۆیە دەبینین خۆدزینەوە لە باجدان هەیە، ئێستا هەوڵدەدەین لەسەر بنەمای خەمڵاندن بۆ سەپاندنی باج لەسەر کۆمپانیاکان بێینە دەر خۆمان وردبینی بکەین."

"خەڵک ڕسوماتی تاپۆ بە باج تێگەیشتووە. نەخێر بەو جۆرە نییە."

"داهاتی باج ساڵانە دەگۆڕێت، ساڵی ڕابردوو کۆی باجی ساڵەکە نەگەیشتینە ترلیۆنێک دینار، لە دەوری 900 ملیار بووین.
منیش لەگەڵ ئەوەدام هاووڵاتی ئەرکێکی قورسی لەسەرە، ئەمەش بە تەنها باج نەیخستووە، بەڵکو تێچووی کۆی ژیانی ڕۆژانەیە."
"ئەو باج و ڕسوماتە بەدەست ئێمە نییە و لە مەرکەزەوە کە بەغدادە دانراوە، ئێمە وەک هەرێم داماننەناوە."

"من لەمێژە دەڵێم هەتا سیستمێکی تۆکمەی بانکی نەبێت ئەوا خۆدزینەوەی گەورە لە باج دروست دەبێت."

"لە هەرێمی کوردستان بڕی باج زۆر کەمترە بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری وەک ئێران و تورکیا و عێراق."

"لە هەرێمی کوردستان 13 ملیاردێر و سەروو هەزار مەڵتی ملیۆنێر هەیە، واتە چۆن دەکرێت بە بەراورد ئەوە فەرمانگەی باج ساڵانە ترلیۆنێک دینار داهاتی هەبێت، لە سەردەمی حکومی کوردی بە تایبەت دوای 2003 چەندەها خەڵک بوونەتە ملیۆنێر و دەوڵەمەند، ئەگەر ئەوانە باجییان بدایە خەزێنەی دەوڵەت پڕببوایە وەک خۆی ئێستا پێویستمان بەوە نەدەبوو موراجەعەی بەغداد بکەین."

دکتۆر محەمەد عەلی:
"ئەوەی ئێستا حکومەت باسی دەکات زیاتر بۆ کۆکردنەوەی داهاتە بۆ حکومەت، بۆیە زیاتر توندکراوە، دەبێت باج لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت بە گشتی و بۆ خزمەتگوزاری بەکاریبهێنرێت، بەڵام ئێستا بەوجۆرە نییە، زیاتر توند کراوە لەسەر هاووڵاتییان بۆ کۆکردنەوەی داهاتیش بووە بۆ حکومەت، دەبینی لەمساڵدا نۆ موچە دراوە کەچی باج هەر وەک خۆیەتی، ڕەچاوی داهات و دەسهاتی هاووڵاتییان نەکراوە، هەموو هاووڵاتییەک باجی زۆر لەسەرە، ڕوسوماتی خانوبەرە و شارەوانی و غەرامەی هاووڵاتی لەسەر بەرزکراوەتەوە، ئەوەی دەیبینین ئەرکی سەرشانی هاووڵاتییانی قورس کردووە، خزمەتگوزاری لە بەرامبەردا ناکات، بۆ نمونە وەزارەتەکان بوونەتە سیاسی نەک خزمەتگوزاری، وەزارەتێکی وەک وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هیچ ناکات، لە بەرامبەردا کەرتی تایبەت خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات، بۆیە ئەرکی کەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش قورس کراوە لە دانی باج و ڕوسومات بۆ ئەوەی حکومەتی پێ بەخێوبکرێت لە کوردستان. لە دۆخێکی خراپداین و هیچ گومانیشم لەوە نییە بڵێم حکومەت پێی خۆش بووە، من پێشتریش وتومە لە پێشتردا قەیرانی داراییمان نەبووە بەڵکو قەیرانی کارگێڕیمان هەبووە. ئێستا وا وردە وردە ڕێکدەخرێتەوە و دەبێت بە ئەلیکترۆنی، بەداخەوە زۆربەی ئەو بوارانەی داهاتی زۆر بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە دراون بە کەرتی تایبەت."

"باج لە هەموو وڵاتێک هەیە، ئەرکە لەسەر هاووڵاتی بیدات، بەڵام لە بەرامبەردا هاووڵاتی مافی هەیە، مافی ئەوەی هەیە هەم لەگەڵ دەسهاتی گونجاو بێت، هەم ئەو باجە بۆ خزمەتگوزاری بەکاربهێنرێتەوە، دەبینین ئەمساڵ لە 75%ی موچەی ساڵەکە دراوە موچەی سێ مانگ نەدراوە، ئەوە خزمەتگوزاری کارەبا و ئاویش دەبینین."

XS
SM
MD
LG