Accessibility links

چوار مامۆستای ئایینی خەڵکی پیرانشار بە چەندین ساڵ زیندانیکردن لە ئێران سزا دەدرێن


چوار مامۆستای ئایینی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکانی شاری ورمێ بە تۆمەتەکانی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "شێواندنی ڕای گشتی" تۆمەتبار دەکرێن و هەر یەکیان سزای چەندین ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

ماڵپەڕی مافەکانی مرۆڤی هرانا کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، ناسنامەی ئەو چوار کەسایەتییە ئایینیەی ڕایگەیاندووە کە بریتین لە یونس نەوخا و سلێمان ئەحمەدی مامۆستای زانستە ئایینیەکان لە قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیووبی شاری پیرانشار و شەریف مەحموودپوور و جەمال واژی بەرنوێژی گوندی پەسوو لە پیرانشار.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی بە 4 ساڵ، مامۆستا یونس نەوخا بە 3 ساڵ، مامۆستا سەید جەمال واژی و مامۆستا شەریف مەحموودپووریش هەر کامەیان بە 2 ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.

زانایان و مامۆستایانی ئایینی پیرانشار و ناوچەکانی دەوروبەری، مانگی یەکی ئەمساڵ و دوای دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندارانی بزوتنەوەی"ژن، ژیان، ئازادی"، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوویان کرد. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی خوێندنەوەی بەیاننامەکە، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، مامۆستا سەید جەمال واژی، مامۆستا یونس نەوخا و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و پاش چەند حەفتە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کران.

بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو لە ماوەی شەش مانگدا، واتە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردووەوە تا مانگی پێنجی ئەمساڵ، لانیکەم 16 کەسایەتی ئایینی کورد لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و دادگایی کراون.

پێشتریش سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ باسیان لە زیادبوونی دەستگیرکردنی کەسایەتییە ئایینیەکان به هۆی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووەوە لە ئێران کردبوو.

کۆمیسیۆنی ئەمەریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی مانگی 9ی ئەمساڵ لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێران و دەستبەسەرکردنی ڕێبەرەکانیان دەربڕیبوو.

لەو بەیاننامەیەدا جەخت لەوە کرابووە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی ئایینی سوننە، لەوانە ئەوانەی کە داوای وتووێژی ئاشتیانەیان کردووە لە نێوان ناڕازییان و حکوومەتدا، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

XS
SM
MD
LG