Accessibility links

لە تورکیا مشتومڕ لەسەر ناوی شێخ سەعیدی پیران بەردەوامە، کورد کاردانەوەی توند نیشان دەدات


شارەوانی ئامەد لە شەشی مانگی 12 لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند شەقامێکی 12 کیلۆمەتری لە ڕێگای نێوان فارقین و ئەلعەزیز دروست دەکەن کە ناوی دەنێن " شەقامی شێخ سەعید."

بەڵام دوای ئەم پەیامە بەتایبەتی پارتە ڕەگەزپەرست و ناسیۆنالیستەکانی تورکیا توڕەیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشان دا و لە زۆرێک لە کۆمێنتەکاندا هێرشیان کردە سەر شێخ سەعیدی پیران.

پارتی کۆمۆنیستی تورکیا ئەم بابەتەی هێنایە ئاراوە و شێخ سەعیدی بە "دواکەوتوویی و سیخوڕیی بەریتانیا" تۆمەتبار کرد. هەروەها داوای کرد سەرۆکی شارەوانی لەو هەنگاوە بکشێتەوە.

ڕاگەیاندنەکەی شارەوانی ئامەد کە دەستەی دەستنیشانکراو لەلایەن حکومەتەوە بەرێوەی دەبات لەسەر پلاتۆرمی ئێکس کە پێشتر تویتەر بوو شەش ملیۆن و 500 هەزار جار بینراوە.

ڕۆژنامەنووسی ناوداری تورکیا فاتیح ئاڵتایڵ لە بەرنامەیەکیدا لەسەر یوتیوب لەسەر شێخ سەعید وشەی "بێشەرەف" ی بەکار هێنا و گوتی

"دەوترێت دەسەڵاتی ئێمە خۆجێهی و نەتەوەییە، بەڵام لە کاتی دامەزراندنی تورکیادا شێخ سەعیدی بێ کەرامەت، بێ شەرەف و ڕیسوا، کە شەریکی ئینگلیز بوو، یاخی بوو و ویستی وڵات دابەش بکات. ئێستاش ئێوە هەڵدەستن و دەتانەوێت ناوی بخەنە سەر ڕێگایەک. ئایا سبەینێ ناوی ئۆجەلانیش دەخەنە سەر ئەو ڕێگایە؟"

سەرۆکی پارتی زافەر، ئومیت ئۆزداغ، هەروەها کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارەی شارەوانی نیشان دا و وتی، "ئەگەر ناوی شێخ سەعید لەسەر شەقامەکە دادەنێن، بۆچی قەیومتان داناوە، پێویستە لە هەدەپە خۆشبن. هەروەها بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین کە ناوی عەگیدەکەی دیاربەکر، زیا گۆکاڵپ، لەسەر ئەو ڕێگایە دابنرێت."

زیا گۆکاڵپ نوسەرێکی کورد بوو کە پاشان پشتیوانی لە تورکبوون کرد و کوردەکان بە خۆفرۆش ناودێری دەکەن.

بەڕێوەبەری ئامەدی پارتی وەتەن لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە شێخ سەعید "سیخوڕێکی بەریتانیا بووە و ویستی تورکیای ئێمە دابەش بکات."

پارتی وەتەن دەڵێت "پەکەکە هەرچییەک بێت، شێخ سەعیدیش ئەوەیە، کاتێک ناوی بخرێتە سەر ڕێگا، ئەو ڕێگایە دەبێتە بنەمای دابەشبوونی وڵات".

شایانی باسە هێشتا پۆستەکەی شارەوانی ئامەد لە شوێنی خۆیدایە و تا ئێستا پارتی دەسەڵاتدار هیچ هەڵسەنگاندنێکی کۆتایی نەکردووە.

کاردانەوەکان لە دژی سوکایەتی پێکردنەکە؟

ئاڵتان تان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە پەیامێکی دژی ئەو پۆستانە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هەندێک کەس و لایەن کە شەرەف و کەرامەتی کەمیان هەیە سوکایەتی بە شێخ سەعید ئەفەندی دەکەن، ئەمە دڕندەیی و نامەردییە، ئێمە سوکایەتییەکە بۆ خۆیان دەگێڕینەوە".

هەروەها پارتی ناسیۆنالیستی کورد ڕاگەیاندنێکی دژ بەو کەسانە بڵاو کردەوە کە سووکایەتییان بە شێخ سەعید کردووە و شێخ سەعیدی بە ڕێبەری نەتەوەیی و شەرەفی نەتەوەی کورد لە قەڵەم دا.

لە ڕاگەیاندنەکەدا دەشڵێت "هەر سوکایەتییەک کە بە شێخ سەعید دەکرێت، لە ڕاستیدا بە میللەتی کورد دەکرێت. بەهۆی ئەو سووکایەتیانەی کە بە سەرکردەی نەتەوەی کورد شێخ سەعیدیان کردووە، ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئیدانەی فاتیح ئاڵتایڵ و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی چەپ یان ڕاست دەکەن کە درێژەپێدەری ئیتیحاد تێراکی و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستین و دوژمنی نەتەوەی کوردن."

جێگری سەرۆکی پارتی باش، سەلیم ئەنساریئۆغڵو، لە هەژمارەکانی سۆشیال میدیای خۆی کاردانەوەی بەرامبەر دوژمنانی شێخ سەعید نیشان دا.

ئەو دەڵێت "ئەو کەسانەی ئەم تۆمەتانەی دەخەنە پاڵ خزمەتی زیادکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەن. ئێمە ڕێز لە هەموو بەهاکانی کۆمەڵگا دەگرین و ئەمە بە ئارامی دەروون و یادەوەری دەبینین."

هەڵوێستەکەی سەلیم ئەنساریۆئۆغڵو بووە هۆی ئەوەی کە ڕەوانەی کۆمیسیۆنی دیسپلینیی ئەو حزبەکەی بکرێت.

وتەبێژی پارتی باش، کورشاد زۆرلو، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە لەلایەن سەرۆکی پارتەکەیان، مێرال ئاکشەنەرەوە دراوە و دەڵێت، "ئەم هەڵسەنگاندنە بەها بنەڕەتییەکانی دامەزراندنی ئەو حزبە لەبەرچاو ناگرێت و ئێمە ئەمە ڕەتیدەکەینەوە".

کۆمەڵەی شێخ سەعیدی پیران و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد (بارۆی ئامەد) دۆسیەیەکیان کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد سکاڵای لەسەر ڕۆژنامەوان فاتیح ئاڵتایڵ تۆمارکرد.

نەوەى شێخ سەعید و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شێخ سەعید، قاسم فرات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەوانیش هاوشێوەی کۆمەڵەکە و بنەماڵەی شێخ سەعید، لە ئەنقەرە سکاڵای یاساییان لەسەر فاتیح ئاڵتایڵ و ئومیت ئۆزداغ تۆمارکردووە.

دەشڵێت "چەند کەسێکی وەکو، فاتیح ئاڵتایڵ، ئومیت ئۆزداغمان دا بە دادگا."

هەروەها دەشلێت " لەم وڵاتەدا کاتێک هەنگاوێک بە ناوی شێخ سەعید ئەفەندی و هاوەڵەکانیەوە دەگیرێتەبەر، هەندێک کۆیلە، و نۆکەر، خەڵک نازانن لە کوێن، بە ناوی کەمالیزم و چەپگەرایی سوکایەتی بە شێخ سەعید دەکەن، بە بێ ئەدەبی ناوی دەبەن و سوکایەتی بە تەواوی کورد دەکەن."

گوتیشی "ئەمە بووەتە خوو، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین. چ لە ویژدانی خەڵکدا، چ لە چاوی یاسادا، چ لە یادەوەری گشتیدا، ئاشکرایان دەکەین وەڵامیان دەدەینەوە. ئێمە دەزانین کە کۆمار لەسەر ئینکاری و لەناوبردنی کورد و کوردستان دامەزرا. کەواتە ئەوەی ئەوان دەیکەن بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمان نییە. ئێمەش ئامادەین بۆ ئەوە.''

شایانی بیرهێنانەوەیە دوو ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەی شێخ سەعید و بارۆی ئامەد دەستیان بە پرۆسەی دادگا کرد بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوەڵەکانی، بەڵام دادگا داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەندیکای پارێزەرانی ئامەد و کۆمەڵەی شێخ سەعید بۆ هەمان مەبەست تانەیان لە دادگای دەستووری دا.

XS
SM
MD
LG