Accessibility links

بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا داوای سزادانی 'توندڕەوە' ئیسرائیلییەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەکات


ئۆرسولا ڤۆن دێر لێن، بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە پشتگیری خۆی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر"توندڕەوە" ئیسرائیلییەکاندا دەربڕی کە بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپایی بە یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپا گوت " هەڵکشانی ئاستی توندوتیژی لەلایەن ئەو نیشتەجێبووە جووە توندڕەوانەوە بووەتە هۆی ئازارێکی بێئەندازەی فەلەستینییەکان و هەروەها ئاسۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی لاوازدەکات و دەشێت ناسەقامگیری هەرێمی خراپتر بکات."

هەروەها گوتیشی "من لەگەڵ سزادانی ئەو کەسانەدام کە لە هێرشەکانی کەناری ڕۆژئاوا تێوەگلاون و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەم توندوتیژییە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی دژی حەماسەوە نییە و دەبێت ڕابگیرێت."

لێدوانەکانی ڤۆن دێر لێن دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی دووشەممە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند پێشنیارێک بۆ سزادانی نیشتەجێبووەکانی کەناری ڕۆژئاوا پێشکەش دەکات .

ئەو ڕێوشوێنانە پێویستی بە پشتیوانی کۆی دەنگی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەبێت، بەڵام لەناو یەکێتییەکەدا دابەشبوون هەیە.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو ڤیزەی دانیشتووانی کە دەستیان هەیە لە توندوتیژی لە کەناری ڕۆژئاوا ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش وەک سەرزەنشتێکی دەگمەن بۆ هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیل لێی دەڕوانرێت.

یەکێتی ئەوروپا نەیتوانیوە هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت بەرامبەر بەو توندوتیژییەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شێواندووە.

لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر نیشتەجێگا جووەکانی ناو ئیسرائیل، ئیسرائیل هەڵمەتێکی لەشکری دژی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG