Accessibility links

تۆپی پێی تورکیا بەهۆی هێرشێک بۆ سەر ناوبژیوانێک لە نێو یاریگەدا، دەکەوێتە قەیرانەوە


تۆپی پێی تورکیا ڕۆژی سێشەممە تووشی قەیرانی سەرتاسەری بوو، دوای هێرشێک بۆ سەر ناوبژیوان لە نێو یاریگەدا لەلایەن سەرۆکی یانەکەوە کە وەک کاندیدێکی ئەگەری بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەنقەرە باسی لێوەکراوە.

یانەی سوپەرلیگی پلە یەک یارییەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت و دادگایەک بڕیاری دەستگیکرکردنی فاروق کۆجا سەرۆکی یانەی ئەنقەرەگوجو و دوو کەسی دیکەی دا پێش دادگاییکردنیان بەهۆی "بریندارکردن و هەڕەشەکردن لە بەرپرسێکی گشتی".

وێنەکانی ڕووداوەکەی شەوی دووشەممە دەریدەخەن کە کۆجا لەگەڵ کۆمەڵێک پیاو بەپەلە هاتۆتە ناو یاریگە لە ناوبژیوانەکە دەدات.

پێدەچێت کۆجا لە مەلەر توڕە بووبێت بەهۆی ئەوەی پەنالتییەی بۆ یانەی جەیکور ڕیسەسپۆر هەژمارکرد کە لە ئاکامدا وای کرد یارییەکە بە 1 بە 1 یەکسان بێت.

مەلەر کەوتە سەر زەوی و دەردەکەوت کە دواتریش چەند جارێک بە شەق لێیدرا.

ئەو بەرپرسە تەمەن 37 ساڵەی یارییەکە دوای چەند خولەکێک دەرکەوت کە چاوێکی شینبووەتەوە و بەشی چەپی دەموچاوی ئاوساوە.

هەر لەدوای یارییەکە کۆجا بە کەناڵی بێیز-ی ڕاگەیاند "مێشکم تێکچووبوو".

"چاوەکانم ڕەش بووەوە! بیرم نییە چیم کردووە!"

فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەستبەجێ "ئەم هێرشە قێزەونە"ی ئیدانە کرد.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە لە دژی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تۆپی پێی تورکیا ئەنجامدرا".

ئاماژە بەوەشکراوە، یانە بەرپرسیارەکە و سەرۆکی یانەکە و بەڕێوەبەرەکانی و سەرجەم ئەو تاوانبارانەی هێرشیان کردووەتە سەر مەلەر بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG