Accessibility links

ئایا کەمینە ئاینییەکانی عێراق پارێزراون؟


لە کۆتایی ساڵی 2017 و دوای تێپەربوونی سێ ساڵ و نیو بەسەر سەرهەڵدانی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە عێراق و سوریا، لە 9ی مانگی دوازدەی هەمان ساڵدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، بە فەرمی کۆتاییهێنان و شکستی دەوڵەتی ئیسلامی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.

تا ئەو کاتە داعش لە سەدا 95 ئەو خاکەی کە لە عێراق و سوریادا کۆنتڕۆڵی کردبوو لەدەستیدا. بەڵام لە 23ی مانگی سێی 2019 مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات گرتنەوەی باغۆز کە دوا مۆڵگەی داعش بوو ڕاگەیاند. سەرەڕای ئەوەش بە هۆی مەترسی ئایدۆلۆژیای ئەم گروپە ڕادیکاڵە، داعش هێشتا توانای هێرشکردن و ئەگەری هێرشکردنیان هەیە، نەک تەنها لە عێراق و سوریا، بەڵکو لە چەند وڵاتێکی تری جیهاندا.

ڕاستە هەرکەسێک دژایەتی بیروباوەڕی جیهادی داعش بکردایە، دەبوو بە ئامانجی تاوانەکانی ئەو ڕێکخراوە، بەڵام کەمینە ئایینییە غەیرە موسڵمانەکان ئامانج و قوربانی یەکەمی تاوان و توندوتیژییەکان بوون. بۆیە تەنانەت دوای شەش ساڵ بەسەر شکستی داعش، ئەندامانی پێکهاتە کەمینە ئاینییەکان لە عێراق و سوریادا هێشتا دەڵێن پێکهاتەکانیان پارێزراو نین و سەلامەت نین لە ئەگەری هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی هێرشەکانی 3ی مانگی هەشتی 2014 بۆ سەر شنگال.

بانگەوازی پاراستن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لە مانگی 3 ساڵی 2016 جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمەریکا، بە ڕوونی تاوانەکانی داعشی بە (جینۆساید دژی کەمینە ئایینییەکان) ناوبرد. ئەوە یەکەمجار بوو کە حکومەتی ئەمەریکا گرووپێکی تیرۆریستی بە جینۆساید تۆمەتبار بکات.

پاشان کۆنگرێسی ئەمەریکا و تا ساڵی 2023 پەرلەمانی 18 وڵاتی دیکەی جیهان بڕیاری هاوشێوەیان دا و بە تایبەتی دەستەواژەی جینۆسایدی ئێزیدییەکانیان لەسەر دەستی داعش پەسەند کرد.

بۆ ئەندامانی ئەو پێکهاتانە و هاوسۆزەکانیان ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید تەنها دانپێدانان بە دەرد و ئازارەکانیان نەبوو، بەڵکو بە هیوا بوون ئەم هەنگاوانە بانگەوازێک بۆ پاراستنیان و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە بێت.

نائۆمی کیکۆلەر، بەڕێوەبەری سەنتەری سیمۆن-سکیۆد بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید لە مۆزەخانەی هۆلۆکۆست لە واشنتن لە رێگەی دەنگی ئەمەریکاوە هۆشداری دەدات لە واقیعی قۆناغی دوای داعش و دەڵێت بەشێک لەو واقیعە نوێیە سەڕهەلدانەوە و ئەگەری هێرشکردنە، بۆیە هێشتا لە قۆناغی ڕێگری و پاراستن داین. بەڵام پێموایە جیهان دەیەوێت بڵێت ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە."

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2015، ناوەندی سیمۆن-سکۆد ڕاپۆرتێکی وردی بە ناوی نەوەی ئێمە: بە ئامانجگرتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە نەینەوا بڵاوکردەوە. ئەم ناوەندە جیهانییە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە داعش تاوانی جینۆسایدی لە کاتی هێرشەکەی سەر ئێزیدییەکان ئەنجامداوە و هەنگاوی بەهێز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشنیار دەکات.

ناثان سێڵز پسپۆر و شیکەرەوە لە ئەنجومەنی ئەتڵانتك کە لە ساڵی 2017 تا 2021 وەک ڕاوێژکاری تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری کردووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تەنها لەبەر ئەوەی داعش ئەو خاکەی کۆنتڕۆڵی کردبوو لەدەستداوە، مانای ئەوە نییە کە چیتر مەترسی نییە بۆ سەر خەڵکی سوریا و عێراق. داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو ناوچەیە. دەبێت تا کۆتایی بەردەوام بین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە گرنگترین هەنگاو بۆ بوژانەوەی ژیانی ئەو پێکهاتانە ئەوەیە، کە خۆیان هەست بکەن کە چیتر داعش ناتوانێت کردەوەی دڕندانە دژ بە خەڵکی بێتاوان ئەنجام بدات. ریگاگرتن لە دووبارەبونی دەبێت لە پێش هەر کارێک بێت.

گرفتی بێ متمانەیی بە حکومەتەکان

دوای زیاتر لە 9 ساڵ بەسەر هێرشی داعش لە ساڵی2014 و پاش ناساندنی تاوانەکانی بە جینۆساید لە لایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و چەندین وڵاتی رۆژئاوا، پێکهاتەکانی کەمینە ئایینییەکان لە عێراق و سوریا هێشتا نە گەراونەتە سەرپیی خۆیان. هەشتا سەدان هەزار ڕزگاربوو و قوربانیەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنی و بارودۆخی ژیان لە ناوچە وێرانبووەکانیاندا.

موراد ئیسماعیل، چالاکوانی ئێزیدی و سەرۆکی ئەکادیمیای شنگال
موراد ئیسماعیل، چالاکوانی ئێزیدی و سەرۆکی ئەکادیمیای شنگال

موراد ئیسماعیل، چالاکوانی ئێزیدی و سەرۆکی ئەکادیمیای شنگال دەڵێت، "شنگال بۆتە گۆڕەپانی کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی بۆ ئەکتەرە ناوخۆیی و بیانییەکان، گروپە چەکدارەکان و وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران، لەوەش زیاتر کێبڕکێی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەرئەوەی کێ حوکمڕانی شنگال بکات، هەمیشە لە ئارادایە. "

شرۆڤەکاران و پسپۆڕانی شەڕی دژەتیرۆر پێیان وایە هۆکاری یەکەمی یاخیبوون و بەهێزبوونی ڕێکخراوە جیهادییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لەو ناوچانەی کە دەستیان هەبوو لە گۆڕانکاریەکانیاندا، بەڵام چاوڕۆنیان بۆ قۆناغی دوای کشانەوەیان نە بوو، بەتایبەتی پردکردنی بۆشایی ئەمنی.

ناثان سەیڵز دەڵێت "ئەگەر شتێک هەبێت کە گروپە تیرۆریستییەکان بزانن چۆن بە باشی بکەن، ئەوا دەرفەت وەرگرتن و ئیستغلالکردنی بۆشاییە ئەمنییەکانە. نابێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکەینەوە."

بەڵام، ئێستا سەرنجی ئەمەریکا، کە بەرێوەبەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات، لەسەر بابەتی گەورەترە وەک کێبڕکێ لەگەڵ چین، هاوکاری ئۆکرانیا لە شەڕی داگیرکەری ڕووسیا و بێگومان شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ماوەیەدا. لە لایەکی ترەوە ناوچەکانی پێکهاتە کەمینەکان بەتایبەت لە عێراق بوونەتە گۆرەپانی گردبوونەوە بۆ هێزەکانی ناوخۆ و هێریشە ئاسمانیەکانی تورکیا.

ئەمەش زیاتر لە شنگالدا بەرچاو دەکەوێت، ئەو ناوچەیەی کە زۆرترین کاریگەری تاوانەکانی داعشی لەسەر بووە. بۆیە نیگەرانی ئەو بارودۆخە لە سەر زاری خەڵکی شنگالدا دووبارە دەبێتەوە و دەڵێن (نەک هەر ترسێک هەیە کە فەرمان- جینۆسایدی 75 بەسەریاندا بێت، بەڵکو جینۆسایدی داعش بەسەریاندا، کۆتایی نەهاتووە.)

کیکۆلەر، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو جار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کەمینە ئایینییەکان، خەمی شەنگالیەکان لە ڕوانگەی یاسایی و لە ڕوانگەی ئەمنیەوە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە.

"کاتێک سەیری ڕاستییەکانی سەر زەوی دەکەین دەتوانین بڵێین جینۆسایدی ژن و کچانی ئێزدی، کە هێشتا چارەنوسیان دیارنیە، بەردەوامە. بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵک هەست بە نەبوونی ئاسایش دەکەن. ئەو هەستەش بە هۆی چەند هۆکارێک دروست بووە کە پەیوەندیان بەیەکەووە هەیە؛ هەنگانانی بەرچاویان نەبینیوە بۆ ئەوەی هەست بە ئاسایشی مانەوەی خۆیان بکەن؛ بەربەستەکان لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان؛ نەبوونی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی جینۆساید و سزادانیان."

پێشبینییەکانی دواڕۆژێکی تاریک

سەرکردەکانی کریستیانەکانی عێراقیش هەمان نیگەرانییان هەیە و دەڵێن، ماوەی 20 ساڵە کۆمەڵگاکەیان بێدەنگ کراوە، هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکرێت لە لایەن تیرۆریستانەوە ، ئەوان بێ ئومێد بوون و روو لە هەندەران دەکەن. لە کۆی یەک ملیۆن و 250 هەزار مەسیحی 20 ساڵ لەمەوبەر لە عێراقدا، ئێستا تەنها 250 هەزار کریستیان ماونەتەوە.

نەوزاد پۆلیس ئەلحەکیم، سەرۆکی ناوەندی سۆرایای ڕۆشنبیری
نەوزاد پۆلیس ئەلحەکیم، سەرۆکی ناوەندی سۆرایای ڕۆشنبیری

نەوزاد پۆلیس ئەلحەکیم، سەرۆکی ناوەندی سۆرایای ڕۆشنبیری و پەیوەندییەکانی لە عەنکاوەی هەولێر، (بێ متمانەیی مەسیحییەکانی عێراق بە؛ نەبوونی سەقامگیری سیاسی؛ بەهێزبوونی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانیان؛ و ترسیان لە پێکهاتەکانی دەوروبەری خۆیان) دەبەستێتەوە. ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی: ئەو دەستوورەی عێراق کە گەرەنتی مانەوەیان دەکات هەرگیز جێبەجێ ناکرێت.

موراد ئیسماعیل دووپاتی دەکاتەوە کە (لە ساڵی 2014ەوە متمانەی ئێزیدییەکان بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی لاواز بووە و لەو کاتەوە هیچ ڕێوشوێنێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیە نەگیراوەتەبەر.)

ئەمەریکاییەکانی وەک نائۆمی کیکۆلەر و ناثان سەیڵز کە لەو کاتەوەی داعش کەمینەکانی عێراق کردوونەتە ئامانج، لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کەمینەکانن و لە نیگەرانی ئەو پێکهاتانە و ترس و بێ متمانەیان بە دەسەڵات تێدەگەن. خانم کیکۆلەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کاتێک داعش پێشڕەوی دەکرد و هێرشی کرد، ئەو پێکهاتانە هەستیان کرد کە لەبیرکراون. بۆیان دەرکەوت کە هەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەم پێشمەرگەی کوردستان پارێزگارییان لێ نەکردن هەرچەندە ئاماژە و هۆشداریی ڕوون لە هێرشە نزیکەکان، لەو کاتەدا، هەبوون.

موراد ئیسماعیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ترسی چالاکوانانی شنگال لەوەدایە کە ئەو گەنجە ئێزیدیانەی لە ساڵی 2014 چەکیان لە دژی داعش هەڵگرت، بۆ مەبەستی جیاواز و شەڕی دیکە بەکاربهێنرێن. (دیار نییە ململانێ سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکان بە چ ئاراستەیێکدا دەچن. بەهۆی ئەمەوە ئێزیدییەکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەنجامەکەی ئەم بارودۆخە شەپۆلێکی تری توندوتیژی و شەڕ لە ناوچەکەیاندا بێت”.

نەوزاد پۆلیس ئەلحەکیم هیوادارە (گۆڕانکارییەکی دراماتیکی گەورە؛ سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی لە عێراق؛ حکومەتێکی عەلمانی و دیموکراسی) لە عیراقێ بە دی بێت. چونکە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، مەسیحییەکان لە عێراق نامێنن.)

XS
SM
MD
LG