Accessibility links

نوێنەرێکی پێشووی مام جەلال: هەریەکە و خۆی کردووەتە دەمڕاستی پێکهاتەکان حەق نییە لایەنەکان دەستێوەردان بکەن


ململانێی یەکێتی و پارتی لەسەر ژمارەی کورسی و دابەشبوونی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکاندا پێکهاتەکانیش دابەشدەکات بەسەر بەرەی جیاوازدا، بەو پێیەی پارتی داوای هەڵبژاردن بەشێوەی یەک بازنەیی دەکات بەشێکی پێكهاتەکان لەگەڵ یەک بازنەییدان و بەشێکی تریش هاو‌هەڵوێستی یەکێتی داوای هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی دەکەن. لێدوانە دژ بەریەکانی ئەو دوو حزبەش وایکردووە، بەشێک لە پێکهاتەکان داوای بڕیارێکی بێلایەن لە دادگای فیدڕاڵیەوە بکەن.

نوێنەرێکی پێشووی مام جەلالیش، داوای بڕیارێکی دروستی دادگای فیدڕاڵی دەکات و داوا دەکات لایەنەکان خۆیان نەکەنە نوێنەری پێکهاتەکان.

دکتۆر جەمیل عیسا، نوێنەری پێشووی مام جەلال و نوسەر وڕۆژنامەوان لەسەر پێکهاتەی مەسیحی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دروست بدات پارتی و یەکێتی ناتوانن قسە بکەن. پێکهاتەکانیش نابێت ببنە هۆکاری کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی ⁠واتە عاملی خێر بن."

وتیشی،"هەرلایەنەو خۆی کردۆتە دەمڕاست، حەقی نییە تەدەخول بکات، کەی دادگای فیدڕاڵی وەک حەقیقەت بڕیاریدا ئێمە پێمان خۆشە، دەمانەوێت پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن نەک حزب نە یەکێتی نە پارتی."

ڕۆژی یەکشەممە 10ی مانگی 12 بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، سەبارەت بە بابەتی میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بوونی هەندێ هەوڵ بۆ گۆڕین و دەستكاریكردنی كورسی و مافەكانی پێكهاتەكان و چۆنیەتیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن، تێڕوانینی مەسعود بارزانی بەمشێوەیەیە"پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت."

دکتۆر جەمیل دەڵێت،"فرە بازنەییمان پێ باشترە، یان دەبێت پارتی و یەکێتی ڕیکەوتن بکەن چەند کەسێکی ئەکادیمی و دڵسۆز و خەمخۆر دابنێین لە هەردوو لابێت گرنگ ئەوەیە ڕێکەون، ئەگەر نا ئەندامێکی پارتی بە ناوی پارتی لێدوان دەدات دەڵێت دەمانەوێت، فرە بازنە بێت نابێت چونکە ئەوە تەمسیلی پارتی دەکات نەک پێکهاتەکان. ئەگەر نوێنەرایەتی ئێمە بکەن نابێت وا قسە بکەن."

وتیشی،"لە 92 ە وە مەسیحی کۆیە و سلێمانی نوێنەریان نییە لە پەرلەمان."

پێکهاتەکانی نزیک لە پارتی داوای هەڵبژاردن بەشێوەی یەک بازنەیی و مانەوەی کورسیەکانیان وەک خۆی دەکەن کە خۆی لە 11 کورسیدا دەبینێتەوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.

یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

مونا قە‌وەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کە سبەی بڵاو دەبێتەوە ڕایگەیاند،"پێکهاتەکان بەتەواوەتی ئەم دابەشکردنە ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە بۆ نموونە پێکهاتەی تورکمان لە 99% ڕێژەی دانیشتووی شاری هەولێرن."

وتیشی،"ئەو دابەشکردنە ئەجندایەکی سیاسی لەپشتەوەیە، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتانە و بۆ ڕازیکردنی حزبەکەی خۆیانە، دەیانەوێت لەڕێگای پێکهاتەکانەوە ئەو دەست کەوتە بەدەست بهێنن، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک فرە بازنەی ڕەتدەکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوەین ئەم پرسە کۆتای خۆیی وەربگرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00

XS
SM
MD
LG