Accessibility links

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان:لە ماوەی ئەمساڵدا 94 ڕۆژنامەنووس کوژراون


فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند لە ماوەی ساڵی 2023 دا، 94 ڕۆژنامەنووس کوژراون کە 9 ڕۆژنامەنووسی ژنیشی تێدابووە.

ئەو فیدراسیۆنە بە ئاماژەدان بەوەی کە 72% ی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە غەززە کوژراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7 ی مانگی 10 وە، ڕۆژانە زیاتر لە ڕۆژنامەنووسێک لە غەززە گیانییان لەدەستداوە.

لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل 61 ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و چوار ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلیش کوژران. ئەو دەزگا نێودەوڵەتییەی ڕۆژنامەنووسان داوای کۆتاییهێنان بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان دەکات لە غەززە و دەڵێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەبێت "ئەو کەسانە دادگایی بکات کە فەرمانیان داوە و هێرشەکەیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە".

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان کە لە ساڵی 1990ەوە دەستی کردووە بە تۆمارکردنی ئاماری گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا، دەڵێت شەڕی غەززە لە هەموو ململانێیەکی دیکە بۆ ڕۆژنامەنووسان کوشندەتر بووە.

فیدراسیۆنەکە دەڵێت ئۆکرانیاش هێشتا وڵاتێکی مەترسیدارە بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا و لەم ساڵدا سێ ڕۆژنامەنووس لەو وڵاتە کوژراون.

هەروەها بەیاننامەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بە بەردەوامی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانداوە لە چین، ئێران، بێلاڕوس، میسر، تورکیا، میانمار و ڕووسیا و ڕایگەیاندووە کە سەرکوتکاری سیاسی لە کەرتی ڕاگەیاندن لەو وڵاتانە " بە شێوەیەکی بەرچاو " زیادی کردووە.

بەیاننامەکە دەشلێت لە ئێستادا 393 ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لە زینداندان و ئەمەش ژمارەیەکی بێ وێنەیە.

XS
SM
MD
LG