Accessibility links

لەسەر ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی سۆران 5 کەس دەستگیر دەکرێن


"هەندێکیان لە شیرینی خەوی ماندووبونی ڕۆژگاربوونە و هەندێکیشیان چاوەڕوانی پێگەشتنی خواردنێکی سوکی ئێوارە، لەپڕ دووکەڵی ڕەش پڕ بە ژوورەکان دەبێت و یەکسەر دەگاتە قوڕگیان، یەک بە یەکیان دوای بورانەوەیان گیان لەدەستدەدەن" ئەمانە قسەی ئەو خەڵکەیە کە هەر ئاگرکە لە باڵەخانەکە کەوتەوە، لەوێ ئامادەبوون و بە نیگەرانییەوە سەیری ڕووداوەکەیان دەکرد.

لەڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردوو 8-12-2023، لەنێو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەسۆران 14 کەس گیانی لەدەستدا و 10 دیکەش بڕینداربوون، دەستبەجێ وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی بەپەلەی بۆ لێکۆلێنەوە لەسەر ڕووداوەکە پێکهێنا.

ڕائید ڕەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی باڵای لە کەسانی تایبەتمەند پێکهێناوە، لیژنەکە ئەمڕۆ سەردانی شوێنی ڕووداوەکەیان کرد، ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، دواتر زانیارییەکان لەسەر هۆکاری ڕوودانی ئاگر کەوتنەوەکە بۆ ڕایی گشتی دەخەنە ڕوو، چونکە قسە هەیە لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەوکەسانەی گیانیان لەدەستدا و نەیانتوانی خۆیان ڕزگار بکەن، یاخود بۆچی ڕزگار نەکراون، ئایە بوونی مەرجەکانی سەلامەتی لەو باڵەخانەیە بووە یاخود نا ئەمانە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت."

لەبارەی هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئاگرەکە کە بەهۆی چیەوە بووە، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران وتی،" سەرە داو دەستکەوتووە، بەڵام لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوەداین وخەڵکیش دەستگیرکراوە."

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە هەر دوای ڕوودانی ئاگرەکە 5 کەس کە بریتین لە خاوەنی باڵەخانەکە و 4 کەسی دیکە کە مۆبیلیاتیان لە نهۆمی یەکەمەوە بووە و ئاگرەکە لەوێوە دروستبووە، بەفەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

باڵەخانەکە لە چوار نهۆم پێکهاتووە و نهۆمی یەکەمیان دووکان و موبیلیات بووە و سێ نهۆمەکەی دیکەیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون بووە و لەبەشی پشتەوەی بیناکە شوێنی دەربازبوون بووە بەڵام بەشێکی زۆریان نەیانتوانی خۆیان ڕزگاربکەن، باڵەخانەکە ژمارەیەک لە خوێندکارانی باڵا و مامۆستای زانکۆی سۆران، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوا و خەڵکی خانە خوێی سۆران تێدا ژیا بوون.

ماوەی سێ ساڵە حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە بەمەبەستی سەلامەتی باڵەخانەکان، مەرجی دروستکردنی داناوە و دەبێت تەواویان پێیوە پابەند بن، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران لە سەر مەرجەکانی سەلامەتی بەدەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،" لەکاتی پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی هەر بینا و باڵەخانەیەکی بازرگانی دەبێت سەردانی ئەو لیژنەیە بکەن خاوەن بیناکە، تا گشت مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی جێ بەجێ بکرێت لەناویدا، هەروەها لەکاتی دروستکردنی بیناکە تا کۆتایی لیژنەکە چاودێری دەکات، تەواوی ئەو باڵەخانانەی لەم سێ ساڵەی ڕابردوو دروستکراون مەرجەکانی سەلامەتیان تێدایە، بەڵام ئەوانەی پێشووتر ساڵانە لەگەڵ تازەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان مەرجە سەلامەتیەکانیان بەسەردا جێ بەجێدەکرێت."

ناسنامەی تەواوی قوربانیەکان ئاشکراکراوە و سیانیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و چواریشیان ئەندامی یەک خانەوادەن و لە نەتەوەی عەرەبن، هەروەها یەکێکیان خەڵکی ڕۆژئاوایە و دووانی دیکەشیان هاوژینی یەک بوونە و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن، سیانی دیکەشیان ناسنامەی سوریان پێبووە، بەڵأم دیار نیە کوردن یاخود نا.

لەبارەی ئەوەی تا چەند باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لەهەرێمی کوردستان مەرجی سەلامەتیان تێدایە، بۆ ئەوەی لەکاتی هەر ڕووداوێکی ئاگر کەوتنەوە دانیشتوانەکەی بتوانن خۆیان دەربازبکەن، جووتیار مەحموود ئەندازیاری شارستانی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گرفتەکانی باڵەخانەکان کە ئاگر دەکەوێتەوە دوو بەشە بەشێکیان گرفت لە شێوازی دروستکردنی بیناکەیە، لەوانەیە لەکاتی دیزایندا حسابی دەربازبوون نەکرابێت کەئاگر ڕوودەدات، لەکاتیکدا چۆن ئەو مرۆڤانە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن، دووەمیان چاودێرینەکردنی ئەو بینا و باڵەخانە بازرگانیانەیە لەلایەن حکومەتەوە ئەویش یەکێکی ترە لەگرفتەکان، بۆیە ئەتوانین بڵێن بەداخەوە زۆرینەی باڵەخانەکان مەرجی سەلامەتیان تێدا نیە، هەربۆیە ساڵانە ئەو ڕووداوە ناخۆشانە ڕوودەدات و قوربانی لێدەکەوێتەوە."

ئەو ئەندازیارە وتیشی،"خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە لە زۆرینەی باڵەخانەکان تێیاندا بەدی ناکرێت، ئەویش نەبوونی زەنگی ئاگادارکردنەوە و ئاگر کوژێنەوەیە، کە ئەمە لەوڵاتان گرنگی پێدەدرێت تەنها لای خۆمان نەبێت."

شارەزایەکی بواری کارەباش هۆکاری یەکەم یاخود دووەمی حاڵەتەکانی ئاگر کەوتنەوە لەنێو باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنێتەوە.

بڵند غەریب، شارەزا لە بواری کارەبا بەدەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،" بەرپرسیاری یەکەمی ئاگر کەوتنەوەکان حکومەتە، چونکە ئێمە چەند سەرچاوەیەکی دابینکردنی ووزەمان هەیە بۆ خەڵک کە نابێت وا بێت و حکومەت دابینی دەکات، لەکاتێکدا دەبێت تەنها یەک سەرچاوەی پاک هەبێت، ئەوەش وایکردووە خەڵک پەنا بباتە بەر چەند سەرچاوەیەکی کارەبا."

ئەو شارەزایە هۆکاری دووەمی حاڵەتەکانی ئاگر کەوتنەوە بەهۆی کێشەی کارەباوە دەگەڕێنێتەوە بۆ خوودی خەڵکی خۆیی، چونکە ئەو پێی وایە خەڵکی بەلایەوە ئاسایە پارەیەکی زۆر خەرج بکات لەباڵەخانەکە، بەڵام ئامادەنیە پارەیەکی باش بدات بە وایەری کارەباکەی و وایەری هەرزانی بۆ دابین دەکات، بۆیە بچووکترین گرفتی کارەبا گەورەترین باجی هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:00 0:00

XS
SM
MD
LG