Accessibility links

کۆڵبەرێکی جوانڕۆ لە هەورامان تەقەی لێکرا و دیارنییە ئێران یان هێزەکانی پاسەوانی سەر بە عێراق بەرپرسیارن


ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 6ی مانگی دوازدەی 2023 کۆڵبەرێکی دانیشتووی جوانڕۆ لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە ناوچەی دزاوەری سەر بە شارەدێی تەوێڵە بریندارکرا. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە کۆڵبەرەکە هێزەکانی پاسەوانی سەربە عێراقی بە ئەنجامدانی ڕووداوەکە تۆمەتبارکردووە، بەڵام هێزەکە ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ناوی کۆڵبەرەکە مزەفەر نازدار مەحمودییە و تەمەنی 43 ساڵە و دانیشتووی شاری جوانڕۆیە. ڕۆژی چوارشەممە لە کاتی کۆڵبەریدا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کەوتووەتە بۆسە و گولەیەک بەرشانی کەوتووە. دواتر لە مەڵبەندی تەندروستی شەهید نیازی لە تەوێڵە و بە هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە بۆ چارەسەرکردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، کۆڵبەرەکە لەکاتی گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە ئاماژەی بەوەکردووە بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنور برینداربووە.

هێزەکانی پاسەوانی سنور کە ئەرکی پاراستنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆدایە سەر بە حکومەتی عێراقن و پێکهاتوون لە چەند لیوایەکی پۆلیس.

عەمید حەسەن حەمید ئامرلیوای 21ی پاسەوانی سنور لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە دیوی ئێرانەوە کۆڵبەرەکان کەوتوونەتە بۆسە و خۆیان هاتوونەتە کەمینەکانی ئێمە و وتویانە ئێران تەقەیان لێکردوون و دوایان کردووە بیانبەینە نەخۆشخانە. هێزەکەی ئێمە تەقەی لە کەس نەکردووە."

ئەو بەرپرسەی پاسەوانی سنوری گوتیشی، "بریندارەکە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورەوە لە تەوێڵەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە. لەلای پۆلیسەکانی ئێمە وتویەتی ئێران تەقەی لێکردووە، بەڵام لە نەخۆشخانە لەلای پۆلیسی نەخۆشخانە وتوویەتی پاسەوانی سنوری تەقەی لێکردووین، لەکاتێکدا ئێمە دڵنیایی دەدەین یەک فیشەک لەلای ئێمە نەتەقیووە. ئێمە ئەگەر تەقە بکەین، تەقەی هەوایی دەکەین.

دەنگی ئەمەریکا بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکە پەیوەندی کرد بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەو بارەوە بدەن و تەنیا ئەوەیان وت، "بریندارەکە دوای چارەسەر کردن لە نەخۆشخانە جێهێشتووە."

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لەسەر ڕووداوەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە ئاماژەی بە لایەنی تەقەکەر نەکردووە.

موقدەم بارزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دۆخی تەندروستی کۆڵبەرەکە جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی تەوێڵە کراوەتەوە."

سەبارەت بە چۆنیەتی بریندار بوونی کۆڵبەرەکە، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا وت، "جگە لە ڕاگەیەنراوەکەیان هیچ لێدوانێکی دیکەمان لەسەر ڕووداوەکە نیە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور بەڵام ئەوان هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕووداوەکە نەداو و جەختیان لەوەکردەوە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە.

بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردستانی ئێران کە کۆڵبەری دەکەن بەردەوام دەکەونە بەردەم تەقەی هێز و گرووپەکانی سەر سنور. بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی کۆڵبەر نیوز، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی تەقەوە 85 کۆڵبەر لە شارەکانی سەقز، پیرانشار، بانە، سەردەشت، مەریوان، پاوە و جوانڕۆ و سەلاس و باوەجان گیانیان لە دەستداوە و برینداربوون.

XS
SM
MD
LG