Accessibility links

تەقەکەرێک لە زانکۆی لاس ڤێگاس سێ کەس دەکوژێت

لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی تەقەی چەکدارێک سێ کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.

ڕووداوەکە لە زانکۆی نیڤادا لە لاس ڤێگاس ڕوویداوە و بەرپرسان دەڵێن تەقەکەرەکە دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسەوە پێکرا و گیانی لەدەستدا.

ئەمە دواهەمین ڕووداوی تەقەکردنە لە ئەمەرکیا کە قوربانی لێبکەوێتەوە. ئەم دیاردەیە بووەتە شتێکی ڕۆژانە لە هەندێک ویلایەتەکانی ئەمەریکادا.

کیڤن مەکماهیلیت، پۆلیسی لاس ڤێگاس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتڕاستیکردوە کە سێ لە قوربانییەکان گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها دەشڵێت قوربانی چوارەم بەهۆی تەقەکردنەکەوە بە سەختی بریندار بووە بەڵام گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و تەندروستی جێگیرە.

ناسنامەی تەقەکەرەکە دەستبەجێ ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئاژانسی سی ئێن ئێن و لۆس ئەنجلۆس تایمز ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسە تەمەنی 67 ساڵە و مامۆستای کۆلێژی پیشەیی بووە و پەیوەندی بە قوتابخانەکانی جۆرجیا و نۆرس کارۆلینا هەیە.

بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە چ پەیوەندییەکی بە زانکۆی نیڤادا هەبووە کە تەقەکردنەکە تیادا ڕوویداوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا دوایین "کردەوەی ترسناکی توندوتیژی بەهۆی چەکەوە" بە "تیرۆرکردن لە حەرەمی زانکۆدا" ناوبرد و ئەو کردەوەیەی شەرمەزارکرد.

ئادەم گارسیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی زانکۆکە دەڵێت، "دوو ئەفسەری پۆلیس دەستبەجێ تەقەیان لە تۆمەتبارەکە کردووە و تۆمەتبارەکە دوای بریندار بوونی گیانی لەدەستداوە."

ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە کۆبوونەوەیەکی خوێندکاران لە گۆڕەپانی زانکۆکەدا بەڕێوەچوو.

مەکماهیل دەڵێت، "خوێندکارەکان یارییان دەکرد و خواردنیان دەخوارد، مێزیان بۆ دانرابوو بۆ دروستکردنی یاری لێگۆ."

دەشڵێت، "ئەگەر دەستبەجێ وەڵامدانەوەی قارەمانانەی یەکێک لەو ئەفسەرانەی پۆلیس نەبوایە کە وەڵامی دایەوە، تەقەکەرەکە دەیتوانی کەسانێکی بێشومار بکوژێت."

پۆلیس هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر ناسنامەی قوربانییەکان یان چەکدارەکە نەداوە و لە پرۆسەی ئاگادارکردنەوەی کەسە نزیکەکانیاندایە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG