Accessibility links

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: ڕێژەیەکی بەرچاوی منداڵانی کارکەری سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەی، سێکسی و دەروونی بوونەتەوە


دیار جەمال

ڕۆژانە بە سەدان منداڵ لە شوێنە گەشتییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن ژمارەیەکی زۆری ئەم منداڵانە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش دەڵێت،" زۆرینەی ئەو منداڵانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، کاریگەریە نەرێنیەکانی سەریان بە زۆری لە کاتی گەورەبوونیان دەردەکەوێت."

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، ئەمساڵ جگە لە هەولێر و دهۆک ڕووپێویەکی لە سەر منداڵانی کارکەر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند.

بەپێی ڕووپێوی وەزارەتەکە کۆی گشتی ژمارەی منداڵانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان (جگە لە هەولێر و دهۆک) 1466ە کە بریتییە لە 1010 لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 124 لە هەڵەبجە، 211 لە ئیدارەی گەرمیان و 121 منداڵی کارکەریش لە ئیدارەی ڕاپەڕین.

لە بەشێکی دیکەی ڕووپێوییەکە هۆکارەکانی پشت کارکردنیان خراوەتە ڕوو و دەرکەوتووە لە94.99%ی منداڵان بەهۆی هەژاری خێزانەکانەوە بووە و لە 4.2% وەکو هەستکردن بەبەرپرسیاریتی کاردەکەن.

ڕووپێوییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو لە 40.2% ی ئەو منداڵانەی کاردەکەن ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە چ دەروونی بێت یاخود سێکسی یان ئازاری جەستەیی و زارەکی بێت.

ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەزارەتمان هەستا بەدامەزراندنی ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی مافی منداڵ، ئەم ئەنجومەنە ڕاوێژکارێک سەرپەرشتی دەکات، هەموو ماف و ئیمتیازاتێک بۆ منداڵان لە ئەستۆی ئەو دامەزراوەدایە کە کاری لەسەر دەکات."

وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم وتیشی،" ئەوەی من زانیاریم هەبێت ئێستا لەسلێمانی چەند هەنگاوێک نراوە بۆ ئەوەی منداڵانی سەرشەقام کۆبکرێنەوە و بەشێکیان کەسوکاریان ئاگادارکراونەتەوە، کە بەدزی خێزانەکانیان کاریان دەکرد و گەڕێنراو نەتەوە بەر خوێندن و بەبڕە پارەیەکی ئەو ڕێکخراوانەی کە تایبەتن بەمافەکانی منداڵان هاوکاری کراون و کار بۆ کەسوکاریان دۆزراوەتەوە."

ماوەی چوار ساڵە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف، پرۆژەی گەڕانەوەیان بۆ خوێندن ڕاگەیاندووە و بەپێی ئامارێکیان لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا توانیویانە 4996 منداڵ بگەڕێننەوە بەر خوێندن، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن و ڕوونکردنەوەی زیاتر بخەنە ڕوو، ئایا چەندی منداڵانی کارکەری سەر شەقامەکانی تێدایە.

خالید عەبدولکریم توێژەری کۆمەڵایەتی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەموو ئەو منداڵانەی کار دەکەن لەسەر شەقامەکان کاریگەریە خراپەکان زۆرن بۆ سەر دەروونیان لەکاتی گەورەبوونیان، لەبەر ئەوەی لە تەمەنێکی کەمەوە کاریان پێدەکرێت و چوونە دەرەوە بۆ سەر کار و بۆ ناو بازار وایان لێدەکات ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک و گرفتێک ببنەوە و ناتوانن خۆیان بپارێزن و لاسایکردنەوە زاڵبێت بەسەریاندا، ئەوەش وادەکات توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت و لەقوتابخانە داببڕێن."

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیە وتیشی،" ئەگەر ئەو منداڵە بە پاساوی قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەستکەوتنی سەرچاوەیەکی دارایی بنێردرێتە دەرەوە، پێشبینیکراوە بۆ ئەوەی دووچاری گیروگرفتی دەرونی و کۆمەڵایەتی ببێت، هەروەها ئەبێت باس لەوەش بکەین کە کەسایەتی منداڵ لە چوار ساڵانەوە دەست پێدەکات ئەگەر کاریگەری خراپ ڕوو بدات لەمنداڵ ئەوە کاریگەریەکە دەچێتە نەستێەوە و دواتر لە هەستیدا سەرهەڵدەدات و ڕەنگە لە پاشەرۆژدا تووشی کێشە ببێتەوە و ڕەنگە منداڵێکی لاسار و لادەر و توڕەی لێدەربچێت."

لە بارەی ئەو هەنگاوانەی کە حکومەتی هەرێم گرتوونیەتیە بەر بۆ ئەوەی منداڵی کارکەری سەر شەقامەکان نەمێنێت، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی، وتیشی،" ئەو هەنگاوانە وەکو پێویست نەبووە و من دەڵێم نەخێر هێشتا ئەو پرۆسەیە زۆری ماوە، چونکە پێویستە لە هەولێر و دهۆک و لەشارەکانی دیکەش بتوانین ئامار کۆبکەینەوە لەسەر منداڵانی کارکەر."

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 20ی یازدەی 1989 لە 30 هەمین ساڵیادی دەرکردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی منداڵان بەبڕیاری 44 لەسەر 25 جاڕنامەکەی پشتڕاستکردەوە و لە 2ی مانگی نۆی 1990 جاڕنامەکە چووەتە بواری جێبەجێکرددنەوە و لە 54 مادە کە هەندێک لە مادەکان چەند بڕگەیەک لە خۆدەگرێت پێکهاتووە و مافەکانی منداڵانی تێدا بەتەواوی پارێزراو کراوە.

بۆتان حامد کاکەیی پارێزەری ڕاوێژکار بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یاسای چاودێری نێوجەوانانمان هەیە کە ساڵی 1983 دەرچووە بەژمارە 76، تێیدا چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە پێیان دەوترێت نێو جەوانان و لە نۆ ساڵانەوە دەست پێدەکات تاکو خوار 18 ساڵ، تەنانەت گەر تاوانێکیش ئەنجام بدات ئەوە بەو یاسایە سزا دەدرێت، ئەگەر هاتوو تاوان بەرامبەر بەرامبەر ئەو مێرمنداڵە کرا، ئەوە یاسای سزادانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام گەر هاتوو دەستدرێژی کرایە سەر لەلایەن کەسێکەوە لەسەرووی هەژدە ساڵەوە بوو، ئەوە مادەی 393 دەگرێتەوە."

ئەو پارێزەری ڕاوێژکارە وتیشی،" بەداخەوە لەوڵاتی ئێمە بەکارهێنانی منداڵ بۆ کارکردن لەلای ترافیک لایتەکان و سوچێکی نێو بازار بووە بەدیاردە، لەکاتێکدا پێویستە منداڵ لەماڵەوە پەروەردە بکرێت نەک بخرێتە سەر شەقامەکان هەربۆیە ئەو منداڵانە لەدەرەوە تووشی کۆمەڵێک بابەت دەبن و تووشی سزا و دەسترێژی و لێدان دەبن، گەرچی لەزۆربەی وڵاتان ئەمە هەیە، بەڵام لەوڵاتی ئێمە بووە بەدیاردە و زۆرجاریش وەکو باند بازرگانیان پێوە دەکرێت و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد،" ئەو ئەنجومەنەی کە وەزارەت دروستیکردووە سەرقاڵی ئامادەکاریە بۆ ئەوە کۆنفرانسێکی گەورە لەسەر منداڵانی کارکەر ببەستێت و تێدا هەموو بەربەستەکان و گرفتەکان دەخرێنە ڕوو تا چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە و بڕیار لەبارەیانەوە بدرێت."

ئاریان ئەحمەد هۆکاری سەرەکی نەبوونی ئاماری منداڵانی کارکەر لە سنوری هەولێر و دهۆک بۆ سەردەمانی کۆرۆنا دەگەڕێنیتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە" هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆئەوەی بەزووترین کات ڕووپێوی بۆ ئەویش بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:09 0:00

XS
SM
MD
LG