Accessibility links

کارمەندێکی پێشووی کۆنسۆڵخانەی ئەمەریکا لە تورکیا ئازاد دەکرێت


وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێت، کارمەندێکی پێشووی کونسوڵخانەی ئەمەریکا کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر لە تورکیا زیندانیکرابوو، ئازادکرا، بەمەش یەکێک لە کێشەکانی کە چەند ساڵێکە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و ئانکەرەی سارد کردووە، چارەسەرکرا.

مەتین تۆپوز، هاووڵاتییەکی تورکیا کە وەک ئەفسەری پەیوەندییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمەریکا (DEA) لە ئەستەنبوڵ کاری کردووە، سەرەتا لە ساڵی 2017 دەستگیرکرا.

دادگایەکی ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2020دا بە تۆمەتی "یارمەتیدانی گروپێکی چەکداری تیرۆر" سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.

ناوبراو بە تۆمەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ پۆلیس و داواکارێکی گشتی کە گومانبار بوو بە پەیوەندی بە فەتحوڵا گولەنەوە تۆمەتبار کرا.
فەتحوڵا گولەن، کەسایەتییەکی ئاینی بنکە لە ئەمەریکایە، کە ئانکەرە بە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات.

تۆپوز لە کاتی دادگاییکردنیدا ڕایگەیاند، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا پەیوەندی بە کارەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە پیلانی کودەتاکەوە نییە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاست کردووە کە تۆپوز ئازاد کراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی مەرج و کاتی بڕیارەکەی تورکیا بخاتەڕوو.

پارێزەرەکەی دەستبەجێ ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەوەی کە ئایا تۆپوز زوو ئازاد کراوە یان شایستەی پارێزبەندی بووە.
دۆسیەی تۆپوز لەو کاتەدا پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ ئەمەریکادا ئاڵۆزتر کردبوو. مایک پەمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لەو کاتدا ڕایگەیاند، واشنتۆن بەهۆی بڕیارەکەی دادگای تورکیاوە " نیگەرانییەی قووڵی هەیە."

هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای تورکیا و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ئانکەرەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە پیلانی کودەتاکەی وەک پاساو بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی بەکارهێنا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG