Accessibility links

دیپلۆماتی باڵای ئێران لەگەڵ سەرۆکی حزبوڵای لوبنان کۆدەبێتەوە


حزبوڵای لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵای لوبنان کۆبووەتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیەش لە کاتێکدایە لەوەتای شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە غەززە دەستیپێکردووە چەندین جار پێکدادان لە سنووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل ڕوویداوە.

پێکدادانەکان ترسی شەڕێکی فراوانتری لێدەکەوێتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا حزبوڵا ڕایگەیاندووە، ئەمیر-عەبدوڵاهیان و نەسروڵا "پێداچوونەوەیان بە دوایین پێشهاتەکانی فەلەستین، لوبنان و ناوچەکەدا کردووە، و باسیان لەو هەوڵانە کردووە کە دراون بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی نوری ئێرانی، ئەمیر عەبدوڵاهیان کە ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دابوو ڕەنگە شەڕەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت، دوای کۆبوونەوەکەیان بەیرووتی بەرەو دەوحە بەجێهێشت.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، 48 مووشەکی کاتیۆشایان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی لە عەین زەیتم لە نزیک شارۆچکەی سەفێد لە باکووری ئیسرائیل کردووە کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لانیکەم 10 هێرشی دیکەی بۆ سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە نزیک ئەو بنکەیە ئەنجامداوە، ودەشڵێت زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی نیشتمانی لوبنان، "سوپای ڕژێمی زایۆنی لە بەرامبەردا چەند شوێنێکی لە باشووری لوبنان تۆپباران کردووە."

لەوەتای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی مانگی دەوە کە بووە هۆی کوژرانی 1.200 کەس و بە بارمتەگرتنی 240 کەس و پاشان هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە، لوبنان پشتیوانی لە حەماس کردووە.

ئیسرائیل بەڵێنیداوە بزووتنەوەی حەماس لەناوببات و بەپێی ئامارەکانی حاماس، هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی تۆڵەسەندنەوەکانی لە کەرتی غەززە زیاتر لە 14،000 هەزار کەسی کوشتووە کە هەزارانیان منداڵن.

بەهۆی توندوتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، لانیکەم 108 کەس لە لوبنان گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان چەکداری حزبوڵای لوبنانن، بەڵام لانیکەم 14 هاووڵاتی مەدەنیشی تێدابووە و بە پێی ئاژانسی فرانس پرێس سیانیان ڕۆژنامەنووس بوون.

بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، شەش سەربازی ئیسرائیلی و سێ هاووڵاتی مەدەنی لە دیوی ئیسرائیل کوژراون.

ئیسرائیل و حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان کە چاوەڕوان دەکرێت تا ڕۆژی هەینی دەستپێبکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG