Accessibility links

5 نەوجەوان لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێن


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن 5 نەوجەوانی خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەر کراون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت پێشەوا نەبی تەمەن 16 ساڵ و کارزان نەبی تەمەن 15 ساڵ لە ماڵی خۆیاندا لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات پێش دەستبەسەرکردنی ئەو دوو نەوجەوانە، کومار نەبی تەمەن 16 ساڵ و فەرزین نەبی تەمەن 14 ساڵ و هەیدی یوسفی ئەقدەم تەمەن 16 ساڵ دەستگیرکراون.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو پێنج نەوجەوانە نەخراونەتە ڕوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا نووسیویەتی هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەو پێنج کەسە و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

دەستگیرکردنی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە بڕگەی (B)ی مادەی 37ی ڕێککەوتنامەی مافەکانی منداڵ دەڵێت "نابێت هیچ منداڵێک بە شێوەیەکی نایاسایی یان بە شێوەی هەڕەمەکی و ئارەزوومەندانە لە ئازادی بێبەش بکرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1994 ئەو کۆنوانسیۆنەی واژۆ کردووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کۆنوانسیۆنە لەلایەن دەسەڵات و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەچاو نەکراوە و ناکرێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG