Accessibility links

بەرپرسی حەماس: گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا نزیکە


سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئەو گرووپە چەکدارە فەلەستینییە لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بووەتەوە، لە کاتێکدا هێرشی کوشندە بۆ سەر غەززە و موشەکەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن.

ئیسماعیل هەنیە لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن یاریدەدەرەکەیەوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز نێردراوە ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس "نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست" لەگەڵ ئیسرائیل و گروپەکە وەڵامی خۆی بە قەتەر گەیاندووە کە ناوبژیوانانی ڕێککەوتنەکە دەکات.

لە بەیاننامەکەدا وردەکاری زیاتری نەخراوەتەڕوو، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرەی ڕاگەیاندووە، دانوستانەکان لەسەر ئەوە بووە کە ئاگربەستەکە چەند دەخایەنێت، ڕێکخستنەکانی گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو غەززە و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن لەگەڵ زیندانیانی فەلەستینی لە ئیسرائیل.

عیسات ئەلڕەشیق، ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند، هەردوولا ئەو ژن و منداڵانە ئازاد دەکەن و وردەکارییەکانیش لەلایەن قەتەرەوە ڕادەگەیەنرێت کە نێوەندگیری دانوستانەکە دەکات.

ئیسرائیل بە گشتی خۆی لە لێدوان لەسەر دۆخی دانوستانەکان بە سەرۆکایەتی قەتەر بەدوور گرتووە. تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی ئیسرائیلەوە کە ناوی نەهێنراوە، ڕایگەیاند کە "نزیکن"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستەڕوو.

حەماس لە میانی هێرشەکەی حەوتی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل هەزار و 200 کەسی کوشت، نزیکەی 240 کەسیشی بە بارمتە گرت.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور کە بنکەکەی لە جنێڤە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، میرجانا سپۆلجاریچ، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، ڕۆژی دووشەممە لە قەتەر چاوی بە هانیە کەوت بۆ "پێشخستنی پرسە مرۆییەکان"ی پەیوەست بە ململانێکان. هەروەها بەجیا لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر کۆبووەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG