Accessibility links

لە چین وەزیرانی عەرەب و موسڵمان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە دەکەن


وەزیرانی عەرەب و موسڵمان ڕۆژی دووشەممە داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێیان لە غەززە کرد، لە کاتێکدا شاندەکەیان لە قۆناغی یەکەمی گەشتێکدا سەردانی بەیژینگی کرد بۆ فشار خستنە سەر وڵاتان تا کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە بهێنن و ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت بگەنە ناوچە وێرانکراوەکەی فەلەستین.

بڕیارە شاندەکە لەگەڵ ئەو بەرپرسانە کۆببێتەوە کە نوێنەرایەتی هەر پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. هەروەها شاندەکە فشار دەخاتە سەر ڕۆژئاوا بۆ ڕەتکردنەوەی پاساوی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر فەڵەستینییەکان وەک بەرگریکردن لە خۆی.

ئەو بەرپرسانەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ دیپلۆماتی باڵای چین وانگ یی کۆدەبنەوە پێکهاتوون لە عەرەبستانی سعودیە، ئوردن، میسر، ئیندۆنیزیا، بەرپرسانی فەڵەستین و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی دیکە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئەل سعود وتی " ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئاماژەیەکی ڕوون بنێرین کە دەبێت دەستبەجێ شەڕ و کوشتن بوەستێنین، وە دەبێت دەستبەجێ پێداویستییە مرۆییەکان بگەیەنینە غەززە."

کۆبوونەوەی نائاسایی هاوبەشی ئیسلامی عەرەبی لەم مانگەدا لە ڕیاز داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد لێکۆڵینەوە لە "تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی" بکات کە ئیسرائیل ئەنجامی داوە لە خاکی فەڵەستین.

عەرەبستانی سعودیە هەوڵی داوە فشار بخاتە سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی کۆتایی بە ململانێکانی لە غەززە بهێنێت و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، ڕێبەرانی عەرەبی و موسوڵمانی کۆکردەوە بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیامە.

لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی میسر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر بە هاوتا چینیەکەی ڕاگەیاندووە: چاوەڕێی ڕۆڵی بەهێزتری زلهێزەکانی وەک چینین بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر فەلەستینییەکان. لە کەرتی غەززە. گوتیشی "بەداخەوە وڵاتی گەورە هەن کە هێرشەکانی ئێستای ئیسرائیل پەردەپۆش دەکەن".

حەماس نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت لە کاتی هێرشە کوشندەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی مانگی دە، ئەمەش وایکرد ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر کەرتی غەززە لە هەوڵێکدا بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە چەکدارە ئیسلامییە.

حکومەتی غەززە کە سەر بە حەماسە، ڕایگەیاند، لەو کاتەوە لانیکەم 13 هەزار فەلەستینی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە لانیکەم پێنج هەزار و 500یان منداڵن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG