پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP)، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (KCD)، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (HEDEP) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە، چالاکییەکیان لە ژێر ناوی "ڕێپێوانی ئازادیی" بەڕێوەبرد.
دەیان هاووڵاتی لە هەرێمە کوردییەکانەوە، لەوانە لە ماردین، شرناخ، سێرت، ڕیها و باتمانەوە بۆ بەشداریکردن لەو ڕێپێوانە هاتبوونە دیاربەکر، بەڵام لەسەر فەرمانی پارێزگاری شارەکە، سەدان پۆلیسی تورکیا ئەو پارکەی کە بڕیاربوو گردبوونەوەکەی تێیدا ئەنجام بدرێت، گەماڕۆیان دا و ڕێگیریان لە ڕۆژنامەوانانیش کرد ڕۆماڵی ڕووداوەکە بکەن.
مەهمەت ئۆنەر، پارێزەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند 7 هاووڵاتی دەستبەسەر کراون.
پارێزگای دیاربەکر پێشتر ڕۆژی هەینی قەدەغەکردنی ئەو ڕێپێوانە و چالاکییە چوار ڕۆژەیەی، ڕاگەیاندبوو. دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانانەش لە چوارچێوەی پێشێلکردنی ئەو قەدەغەیەدا بووە.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل و پەرلەمانتارانی ئەو حزبە ئامادەی چالاکییەکە بوون. دوای ئەوەی پۆلیس گەمارۆی هاوڵاتیانی دا چەند کەسێکی دەستبەسەرکرد، پەرلەمانتارانی حزبەکە لەسەر ڕێگای بەردەم پارکەکە دانیشتنێکیان ئەنجامدا و ڕێگاوبانەکەیان داخست.
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان، کەسکین باێندێر دژایەتی خۆی بە تووندی بۆ ڕەفتارەکانی پولیسی تورکیا دەربڕی و گوتی "لەکوردستان، لە تورکیا هیچ کەسێک ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد شکست پێبهێنێت و پێشێلی بکات و ئێمە بەرەنگاری ئەو زەڵمە دەبینەوە و تێکدەشکێنین."
گوتیشی " ئەمڕۆ لە دیاربەکر، لە کوردستان، فاشیزمێکی گەورە لە دژی هەڵوێستی ئاشتی و ئازادی هەیە. ئێوە فاشیستن و ئێمەش دژی ئێوە دەوەستینەوە."
بڕیارە "رێپێوانی ئازادی" لە شارەکانی وەک ئامەد، وان، مێرسین، ئەستەنبوڵ و گەملیک بەڕێوەبچیت و تا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بێت.