Accessibility links

ئێران دەڵێت بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە نایەوێت شەڕی ئیسرائیل و حەماس پەرە بستێنێت


حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند تاران لە ڕێگەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنەوە بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە کە نایەوێت شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس فەراوانتر بێت، بەڵام گوتوشیەتی ئەگەر هێرشەکانی ئێسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بن، ململانێ ناوچەییەکان پەرە دەسێنن و ڕێگریان لێناکرێت.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەگەری وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا، لە وتووێژ لەگەڵ "فاینانشیاڵ تایمز" ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا پەیام لە نێوان هەردوو وڵات لە ڕێگەی بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران ئاڵوگۆڕ کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "بە ئەمەریکامان وتووە کە ئێران نایەوێت شەڕەکە فراوانتر ببێت."

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان گوتیشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها لە پەیامێکدا بۆ ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە "بەپێی نزیکبوونەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە، ئەگەر تاوانەکانی دژ بە خەڵکی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا ڕانەگیرێن، ئەوا ئەگەری ڕوودانی هەر شتێک دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و فەراوانتربوونی ململانێی ناوچەکە دەکرێت حەتمی بێت."

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار قسەی هاوشێوەیان دەربڕیوە یان هۆشداری هاوشێوەیان داوە لەسەر فەراوانتربوونی شەڕی ناوچەکە، بەڵام هۆشدارییەکانیان کاردانەوەی توندی وڵاتانی ڕۆژئاوای لێکەوتووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنگری حەماسە و خۆشحاڵی خۆی بۆ هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە دەربڕیوە. هێرشێک کە تێیادا 1400 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.

حەماس لەلایەن ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا، ژاپۆن، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت.

سەرچاوە/ فاینانشیاڵ تایمز

XS
SM
MD
LG