ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک شوقەکانی هانا سیتی لە گەڕەکی هەڤاڵان لەشاری هەولێر، دەست درێژی گولە لە ئەندامێکی پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا و بەسەختی برینداربوو.
حزبەکەش لە ڕاگیەندراوێکدا پەنجەی تۆمەت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ دەکات و دەڵێت چەندین دۆسیەی گرنگی لابووە و پێشووتر هەڕەشەی لێکراوە.
ئامانج زیبایی، ئەندامی ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "سۆهراب ڕەحمەتی ئەندامی پێشووی حزبمانە، لەهەمانکاتدا پارێزەرێکی دیاری هەولێرە. لە گەڕەکی هەڤاڵان لەگەڵ کوڕەکەی دەبێت و لەوکاتەدا کوڕەکەی دەچێتە نێو مارکێتیکەوە، لەلایەن کەسێکەوە دەست درێژی گولەی لێدەکرێت و فیشەکێک بەر جەستەی دەکەوێت و بەسەختی بریندار دەکرێت."
ئەندامەکەی ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە سۆهراب ڕەحمەتی ئێستا لە نەخۆشخانەیە و نەشتەرگەری بۆکراوە بەڵام تەندروستی ناجێگرە و بێهۆشە.
وتیشی، "ئێمە وای دەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە کارەکە هەستابێت، چونکە تائێستا چەند جارێک هەڕەشەی لێکراوە و چاوەڕوانین دەزگا ئەمنیەکان بکەرانی دەستگیربکەن."
هەوڵەکانی دەنگی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی پۆلیسی هەولێر بێ ئەنجامبوون.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوایی ڕووداوەکە، لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە سۆهراب کاردی پێشووی حزبەکەیان بووە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە و پارێزەری چەند کەیسێکی هەستیار بووە لەوانە دۆسیەی تیرۆرکردنی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموکرات و موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و چەندی دۆسیەیەکی تری هەستیار.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "پێشووتر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەی لێکراوە، بۆیە داوا دەکەن لە دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر تاوانبارانی بدۆزنەوە و بەسزای خۆیان بگەیەنرێن."
ئەیاد کاکەی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سۆهراب پارێزەرە و ئەندامە لەسەندیکای پارێزەران، بەداخەوە کە بەدوو گولە بەسەختی بریندار کراوە و لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆکراوە و پۆلیس لەهەوڵدایە لەکاتی بەئاگا هاتنەوەی وتەی لێوەربگرێت."
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، وتیشی، "ئێمە وەکو سەندیکا دۆسیەکەی بەگرنگەوە وەردەگرن، چونکە دەستدرێژی بۆ سەر ئەم ئەندامەمان دەستدرێژیە بۆ سەر تەواوی ئەندامانمان و دوای لێکۆڵینەوەکان ئەوکات ئێمەش ڕێکار دەگرینە بەر."
ڕاپۆرتی دیار جەمال