Accessibility links

میسر: پێویستە تیشک بخرێتە سەر هەوڵەکانی فریاگوزاری پزیشکی لە ناوخۆی غەززە


وەزیری دەرەوەی میسر دەڵێت، پێویستە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی فریاگوزاری پزیشکی بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە، لە ناوچە کەنار دەریا گەمارۆدراوەکاندا چڕبکرێنەوە.

لەم مانگەدا ژمارەیەکی سنوورداری خەڵکی لە غەززە چوونە ناو میسر کە زۆربەیان بۆ چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی میسر.

گروپێک لە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە کە لە غەززەوە پەڕینەوە بۆ ناو میسر، ڕۆژی چوارشەممە بە فڕۆکە ڕەوانەی تورکیا کران.

سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کورتدا بۆ میدیا بیانییەکان لە قاهیرە گوتی "دەبێت سەرنجمان لەسەر دامەزراندنی بونیادە پزیشکییەکان لە ناوخۆی غەززەدا بێت بۆ ئەوەی ئەو فەڵەستینیانەی کە پێویستیان بە هاوکاری پزیشکی هەیە زیاتر دەستیان پێڕابگات".

شوکری گوتیشی هیچ ڕاستییەک نییە بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل و ئەمەریکا فشاریان خستووەتە سەر قاهیرە بۆ وەرگرتنی پەنابەران لە غەززەوە لە بەرامبەر لێخۆشبوون لە قەرزەکان. دووپاتیشی کردەوە کە ناتوانرێت فەلەستینییەکان لە زێدی خۆیان ئاوارە بکرێن.

وەزیری دەرەوەی میسر گوتیشی "بە هیچ شێوەیەک هیچ ڕاستییەک نییە و ئەگەری هیچ جۆرە ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان، شوێنی ئێستایان نییە."

میسر چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەر چەشنە ئاوارەبوونێکی بە کۆمەڵی فەلەستینییەکان لە غەززە ڕەتدەکاتەوە، چونکە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل لەوێ سەدان هەزار کەسی بەرەو باشووری ئەو خاکە ئاوارە کردووە و قەیرانی مرۆیی قووڵتر کردووەتەوە.

شوکری وتی میسر لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ حەماس و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بۆ هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە حەماس لە کاتی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا ڕفاندوونی و پاش ئەم هەنگاوەی حەماس ئیسرائیل دەستی بە هێرشە فراوانەکەی دژ بە حەماس لە غەززە کرد.

میسر هاوشانی قەتەر هەوڵی نێوەندگیری بۆ ڕێککەوتنێک دەدات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئاگربەست لە غەززە و هەروەها ئازادکردنی فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل و زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو ناوچە گەمارۆدراوە.

XS
SM
MD
LG