Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا و چین کۆدەبنەوە و باس لە پرسە گرنگەکانی جیهان دەکەن


ئەمڕۆ چوارشەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ سەرۆکی چین تەوقەیان کرد و بەڵێنیان دا کە گرژییەکان کەم بکەنەوە، لە کاتێکدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی ساڵێکدا لە لوتکەیەکی گرنگ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا کۆبوونەوە.

بایدن بە دەم بەخەندەوە پێشوازی لە شی کرد دوای ئەوەی سەرۆکی چین لە لیمۆزینێکی ڕەشدا دابەزی.

پاشان هەردوو سەرکردەکە بەرەو هۆڵی کۆبوونەوەکە ڕۆیشتن بۆ گفتوگۆیەکی ورد لە پشت دەرگای داخراو لەسەر ئەو پرسانەی کە بوونەتە ئاڵۆزی لە نێوان دوو گەورەترین ئابوری جیهاندا.

بایدن قسەکانی خۆی بەو شێوەیە دەستپێکرد کە گرژییەکان "نابێت بگۆڕدرێن بۆ ململانێ" و گوتیشی " زۆر گرنگە کە لێکتێگەیشتنێکی ڕوون لە نێوانماندا هەیە."

شی لە وەڵامدا وتی "پشتکردن لە یەکتر بژاردە نییە" بۆ زلهێزەکان و گوتیشی ئەوان بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژووییان لە ئەستۆدایە.

گوتیشی " هەسارەی زەوی ئەوەندە گەورەیە کە هەردوو وڵات بتوانن تیایدا سەرکەوتوو بن."

خۆپیشاندەران لە ڕێڕەوی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بایدن لە سانفرانسیسکۆوە ڕیزیان بەستبوو، زۆربەیان دروشمی لایەنگری شیان هەڵگتبوو و ئاڵای سوور و زەردی چینیش لەسەر بەربەستە ئاسایشییەکان هەڵواسرابوو.

بەرپرسانی ئەمەریکا لەو بڕوایەد نین پێشکەوتنی گەورە ڕووبدات، هەرچەندە ڕێککەوتنێک لەسەر گەڕاندنەوەی هێڵی گەرمی نێوان سوپای چین و ئەمەریکا لە ئارادایە، لەگەڵ هاوکاریکردن لەسەر وەستاندنی دابینکردنی ماددەی هۆشبەری فێنتانیڵ.

دوایین جار کە بایدن و شی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یەکتریان بینی لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 بوو لە بالی، پەیوەندییەکان ئاڵۆز بوون دوای ئەوەی ئەوەی ئەمەریکا لە مانگی دووی ئەمساڵدا باڵۆنێکی گوایە سیخوڕی چینی خستە خوارەوە.

XS
SM
MD
LG