بەرپرسە فەڵەستینییەکان لە غەززە دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە نەخۆشخانەی شیفای کەرتی غەززەیان داوە کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە غەززەدا، بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون.
بەرپرسان وتییان بەهۆی هێرشەکانی دیکەشەوە بەشێکی نەخۆشخانەی ئیندۆنیسی لە غەززە زیانی پێگەیشتووە و گوایە بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ڕانتیسی منداڵان و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە بەشی باکووری غەززە، کە ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس لەو بەشەی غەززەدان.
تانکەکانی ئیسڕائیل کە ماوەی دوو هەفتەیە بە ناو باکووری غەززەدا پێشڕەوی دەکەن، بە گوێرەی کارمەندانی تەندروستی، هاتوونەتە دەوروبەری نەخۆشخانەی منداڵانی ڕانتیسی و ئەل قودس و ناسڕ، ئەمەش نیگەرانی لە نێو نەخۆش و پزیشکان و ئەو کەسانەشدا دروست کردووە کە نەخۆشخانەکان وەکو پەناگەیەک بەکاردەهێنن.
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی سەرەکی شیفا، محەمەد ئەبو سەلمیە، بە ڕۆیتەرزی وت "ئێستا ئیسڕائیل جەنگی دژی نەخۆشخانەکانی شاری غەززە دەستپێکردووە."
ئیسڕائیل دەستبەجێ لێدوانی نەداوە بەڵام دەڵێت هاووڵاتییانی سڤیل ناکاتە ئامانج و هەوڵی تەواویی خۆی دەدات خۆی بە دووربگرێت لە لێدانی هاووڵاتییانی سڤیل. هەروەها دەڵێت چەکدارانی حەماس ناوەندی سەرکردایەتی شاراوە و تونێلییان لە ژێر نەخۆشخانەکانی شیفا و ئەوانی دیکەدا هەیە، حەماسیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
سوپای ئیسڕائیل وتی " لە کاتێکدا کە جیهان گەڕەک و قوتابخانە و نەخۆشخانە و گروپە دیدەوانی و گۆڕەپانی یاری منداڵان و مزگەوتەکان دەبینێت، حەماس دەرفەتێک دەبینێت بۆ قۆستنەوەی ئەو شوێنانە."
لە کاتێکدا کە بەرپرسانی فەلەستینی دەڵێن زیاتر لە 10,000 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی داوایەکی زۆر بووەتەوە بۆ وەستانێکی کاتی لە جەنگەکەیدا دژی چەکدارانی حەماس، ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس کە لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل، هەر وەستانێک دەقۆزنەوە.
ڕۆژی هەینی باڵی سەربازیی حەماس وتی هێشتا ڕۆکێت ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەکات و لە غەززەش ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسڕائیل بووەتەوە.
زەنگەکانی ئاگارکردنەوەی هێرشی موشەکی لە تەل ئەڤیڤ و ناوچەکانی دەوروبەری لێدران. تیمەکانی تەندروستی ئاماژەیان بەوەدا دوو ژن لە تەل ئەڤیڤ پارچەیان بەرکەوتووە و بریندار بوون.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە ئەشرەف ئەل قیدرە وتی ئیسڕائیل لە شەوی پێنجشەممەوە پێنج جار بیناکانی نەخۆشخانەی شیفای بۆردومان کردووە.
وتی "بۆردومانی بەشی منداڵبوون و کلینیکەکانی دەرەوەی نەخۆشخانەکەیان کردووە. لە هێرشەکەی بەیانی زوودا فەلەستینییەک کوژرا و چەندین کەسی دیکە برینداربوون."
ئیسڕائیل هاووڵاتییانی غەززەی ئاگادار کردەوە شارەکە چۆڵ بکەن، بەڵام قیدرە دەڵێت ئەوە مەحاڵە. وتی " ئێمە باس لە نزیکەی 45 کۆرپە و 52 منداڵ لە یەکەی چاودێری ورد و سەدان بریندار و نەخۆش و دەیان هەزاران ئاوارە دەکەین."
بەرپرسانی فەلەستینییەکان دەڵێن تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە 10,812 دانیشتووی غەززە کوژراون، نزیکەی لە سەدا 40 کەسییان منداڵ بوون.
ئیسڕائیل دەڵێت لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل 1400 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیل بوون، نزیکەی 240 کەسی دیکەش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، لەو کاتەشەوە لە شەڕەکاندا 39 سەربازی ئیسڕائیلی کوژراون.
وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەڵێت وردەکارییەکانی ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی نازانێت بەڵام هاوەڵەکانی لە نەخۆشخانەی شیفا پێیان وتووە لەو ناوچەیەدا توندوتیژی هەیە و نەخۆشخانەکە بۆردومان کراوە.
وەزیری تەندروستی فەلەستینییەکان مای ئەلکەیلا وتی لە نەخۆشخانی شیفا کەسێک کوژراوە و منداڵێک بریندار بووە.
وتی " لە بەرەبەیاندا ئیسڕائیل ژمارەیەک لە نەخۆشخانەکانی لە کەرتی غەززەی کردە ئامانج."
دواتر وەزارەتەکە لە زاری وتەبێژەکەی، قیدرەوە، بڵاویکردەوە نەخۆشخانەی ڕانتیسی ڕاستەوخۆ لێیدراوە و لە ناو نەخۆشخانەکەدا ئاگرکەوتووەتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت نەخۆشخانەی ڕانتیسی "بە شێوەیەکی بەرچاو بۆردومان کراوە "، وتیشی تەنها نەخۆشخانەیە کە چارەسەری منداڵان دەکات لە باکووری غەززەدا.
کەسێک کە دەڵێت ئەندامێکی ستافی نەخۆشخانەی ناسڕی منداڵانە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت گەمارۆ دراوین.
وتی " لەلایەن تانکەکانەوە لە نەخۆشخانەکەدا گەمارۆ دراوین، تەقەیەکی زۆرمان لێدەکرێت. کارەبا و ئۆکسجینمان نیە بۆ نەخۆشەکان، ئاوی خواردنەوەمان نیە. دۆخەکە زۆر سەخت و مەترسیدارە."
ئیندۆنیسیا وتی بەشێک لە نەخۆشخانەی ئیندۆنیسی لە باکووری غەززە زیانی پێگەیشتووە، ئەوەش بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەو نزیکانە. باسی لەوە نەکرد کە ئایا کەس بووەتە قوربانی یاخود نا، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات کێ بەرپرس بووە لە تەقینەوەکە، سەرکۆنەی تەقینەوەکانی کرد.
وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت لە کۆی 40 نەخۆشخانەکەی غەززە 18 نەخۆشخانە و 40 ناوەندی تەندروستی دیکە خزمەتگوزارییان نەماوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی یاخود بۆردومانەکانەوە.
ئیسڕائیل دەڵێت نەخۆشخانەی شیفا ئامانجێکی ڕەوایە. هەر هەوڵێکی ئیسڕائیل بۆ گرتنی شیفا مەترسی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیلی لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە سەرکۆنەکردنێکی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا بهێنێت.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی " لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرش و شەڕەکان لە نزیک شیفا، ئێمە بە جددی نیگەرانین سەبارەت بە ژیانی هەزاران هاووڵاتی سڤیل کە لەوێن، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵییان لەگەڵدایە، هەوڵی چارەسەری تەندروستی و پەناگەیەک دەدەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی غەززەی ژێردەسەڵاتی حەماس دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەیە دەکەنە ئامانج
