Accessibility links

ڕاپرسییەک دەریدەخات ڕێژەی پشتیوانی ترامپ بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 لە پێنج ویلایەتی گرنگدا زیاترە لە بایدن


ڕاپرسییەکی نوێی دەریدەخات دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە پێنج ویلایەتی گرنگ، کە زۆرجار پێشبینی ئەنجامەکانیان ناکرێت، لە پێش سەرۆک جۆو بایدننەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024.

لەو ڕاپرسییەدا دەنگدەران نیگەرانییەکانی خۆیان سەبارەت بە گەورەبوونی تەمەنی بایدن و ئابووری دەربریووە، بەڵام هەروەها نیگەرانی نوێش هەیە سەبارەت بە بەرپابوونی ململانێکانی ئەم دواییە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.

ساڵێک بەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دەنگدەران هەستی جیاوازیان هەیە و کۆشکی سپیش ئاگاداری ئەمەیە.

ئەو ڕاپرسییە نوێیە، کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە هاوکاری لەگەڵ کۆلێژی سیێنا ئەنجامیانداوە، پێشبینی دەکات کە ترامپ لە پێنج لە شەش ویلایەتی گرنگی کە زۆرجار پێشبینی ئەنجامەکانیان ناکرێت (یان ئەنجامەکانیان هەڵژباردنی سەرۆکایەتی یەکلایی دەکەنەوە) بەسەر بایدندا زاڵ دەبێت. لێکۆڵەرەکانی ڕاپرسییەکە تیشکییان خستبووە سەر پرسە ئاساییەکانی وەک لەباربردنی منداڵ، پاراستنی دیموکراسی، ئابووری، ئاسایشی نیشتمانی وکۆچبەری. بەڵام هەروەهاش سەیری چۆنیەتی مامەڵەکردنی بایدن کراوە لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە مانگێکە بەرپابووە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دەیان هەزار خۆپیشاندەر هەستی خۆیان سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس ڕوونکردەوە و لەبەردەم دەروازەی کۆشکی سپی گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان لە پشتیوانی بایدن بۆ ئیسرائیل دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە بایدن بە وڵاتەکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئەمەریکاییەکان بکات کە چۆن بژێوی ژیانیان باشتر دەکات. سەرۆک بایدن ڕۆژی دووشەممە لە ویلایەتی دێلاوێر کە زێدی خۆیەتی، بانگەشەی بۆ پرۆژەیەکی 16 ملیار دۆلاری کرد بەدرێژایی کەناراوەکانی ئەتڵانتیکی ئەمەریکا.

جۆو بایدن گوتی "بیست و پێنج پڕۆژەی جیاواز، هەموویان بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی باکووری ڕۆژهەڵات لە بۆستنەوە تا واشنتن، بەشێکن لە کارنامەی من بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریکا. وە من ماوەیەکی زۆرە هەوڵ بۆ ئەمە دەدەم."

ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو ڕێبازی تراپمە و ڕۆژی دووشەممە ترامپ گەیشتە نیویۆرک بۆ ئەوەی گەواهی بدات لە دۆسیەیەکی ساختەکاری مەدەنیدا، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە زیادەڕۆیی لە سەروەت و سامانی خۆی کردووە. ئەو دەڵێت ئەو 91 تۆمەتە تاوانکارییەی کە ئاراستەی کراوە، لە چوار دەسەڵاتی دادوەری جیاوازدا، فشاری سیاسییە.

ترامپ گوتی "ژمارەی ڕاپرسییەکانیان خراپن. ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بینیتان چی ڕوویدا، سی بی ئێسیش ڕاپرسییەکەی بڵاوکردەوە. من لە هەموو شوێنێک لەپێشەوەم. بەڵام ئەمە دۆخێکی زۆر نادادپەروەرانەیە. لەڕاستیدا ئەمە دەستوەردانی هەڵبژاردنە. ئەوە جۆرێکە لە گاڵتەجاڕی".

لێکۆڵەرەکانی ڕاپرسییەکە دەڵێن نابێت کەس بەلایەوە سەیر بێت کە ئەمەریکییەکان ئەوەندە ناکۆکن، بەڵام هەندێکیان گومانیان هەیە لە ڕاپرسییەکە.

زۆرێک لە شیکاران دەڵێن کە پێشبینی زۆر زووتر لە ڕاپرسییەک سوودی نییە.

تاد بێڵت کە لە زانکۆی جۆرج واشنتن دەڵێت، "ئەو کەسانەی کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدندان و لەگەڵیاندا دواوم پێیان وتم، یەکەم، هێشتا زۆرماوە. دووهەم، ئەوان پێیان وایە کاتێک باس لە هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت کە هەڵبژاردنێکی نێوان جۆو بایدن و دانۆڵد ترامپە، پێیان وایە جۆو بایدن دەیباتەوە، چونکە پێیان وایە خەڵک نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو واتە بۆ کاتی بێسەروبەری ساڵانی ترامپ. "
بەڵام ئایا بایدن نیگەرانە لەوەی ترەمپ بەسەریدا سەرکەوێت؟ لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن ڕایگەیاندووە، "خەمیان لە ڕاپرسییەکە نییە".

XS
SM
MD
LG