Accessibility links

ئایا چەکدارانی حەماس کاپتاگۆنیان بەکارهێنابوو لە میانەی هێرشە دڕندەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل ؟


کاپتاگۆن ماددەیەکی هۆشبەرە کە زۆر ناوی لێنراوە. دەرمانی جیهاد، کاپتن بوێری، کۆکاینی پیاوی هەژار، بەکارهێنەرانی کاپتاگۆن توانای ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر بەئاگا بمێننەوە کە سەرنجیان لەسەر شتێک بمینێتەوە. دەوترێت ئەم جۆرە حەبانە متمانە بەخۆبوون و ئامادەیی بۆ مەترسی زیاد دەکەن.

بەپێی گۆڤاری نیویۆرکەر، شایەتحاڵێک چەکدارانی حەماسی وەسفکردووە بەوەی "خۆشییەکی شێتانە لە چاوەکانیاندا هەبووە، وەک ئەوەی لە سەر ماددەی هۆشبەربن" ، لەو دەمەی هێرشەکەیان لە ئیسرائیل ئەنجامدابوو و بارمتەیان گرتبوو.

بەڵام ئایا تیرۆریستانی حەماس لە سەر کاپتاگۆن بوون کاتێک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە و بە شێوەیەکی دڕندانە زیاتر لە 1400 کەسیان کوشت و بەلایەنی کەمەوە 240 کەسی دیکەیان ڕفاند؟

ئەو ماددە هۆشبەرە کە لە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاردەهێنرێت ، هەروەها لەسەر هەندێک لە چەکدارانی حەماس دۆزرایەوە کە بە زیندوویی لەلایەن سوپا و پۆلیسی ئیسرائیلەوە دەستگیرکران لە وەڵامدانەوەی هێرشەکاندا. ئەمە لەوانەیە یارمەتی دەسەڵاتداران بدات بۆ ئەوەی بزانن ماددەی هۆشبەر چ ڕۆڵێکی لەو هێرشانەدا گێڕاوە کە ئێستا بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لە مێژووی 75 ساڵەی ئیسرائیلدا، کە بووەتە هۆی زیادبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.

کارمیت ڤالێنسی، پسپۆڕی ماددەی هۆشبەر و ڕاوێژکاری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل کە هەروەها شیکەرەوەی دژە تیرۆر بوو لە سەنتەری دادۆ بۆ لێکۆڵینەوە سەربازییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل و ئێستا لە پەیمانگای ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانییە دەڵێت."ئەو ماددە هۆشبەرە هەروەها یارمەتیی دەدات ترس و برسێتی نەهێڵن، کە زۆر گرنگە کاتێک شەڕێکی درێژخایەن ئەنجام دەدرێت".

ڤالێنسی وتی بەکارهێنانی کاپتاگۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕوونکردنەوەی هێرشە دڕندانەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە، و بۆچی پیاوان و ژنان و منداڵانی ئیسرائیلی ئەشکەنجە دراون و سوتێنراون و لە هەندێک حاڵەتدا دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر و سەریان بڕاوە.

هەرچەندێکە ڤالێنسی وتیشی"هێشتا زووە و هێشتا هەوڵ دەدەین ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکەینەوە"، به ڵام ده بێ ئه وه بڵێم که لەوە ئەچێت چەکدارانی حەماس لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەردا بن. بە پێچەوانەوە، بۆ من وەک مرۆڤێک، بەڕاستی زەحمەتە بۆم ئەو دڕندەییە ڕوون بکەمەوە، ئاستی ئەو دڕندەییەی کە ئەوان نیشانیان داوە، هەروەها ماوەی درێژی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ڕێبەرایەتی ئەو تیرۆریستانە و ئەو دڕندانەی لەوێ ئەنجامیان داوە."

کاپتاگۆن ناوی بازرگانی پێشووی فینێتیلینە، کە وەرگیراوێکی ئەمفیتامینە و کاریگەری هاندەری هاوشێوەی هەیە. سەرەتا لەلایەن کۆمپانیایەکی کیمیای ئەڵمانی لە ساڵی 1961 دروستکراوە، و لە ئەوروپا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە بەکارهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی جموجۆڵ لە منداڵان و خەواڵوویی و خەمۆکی.

ئەمفیتامین (بە ئینگلیزی: Amphetamine) ، هاندەرێکی ناوەندیی کۆئەندامی دەمارە لە ساڵی 1887 دا لەلایەن لازیر ئێدیلینو وەک ماددەیەکی کیمیایی دۆزرایەوە و دواتر وەک دەرمان لە کۆتاییەکانی 1920 کانەوە.

بۆ چەندین ساڵە کاپتاگۆن یەکێک بووە لە ماددە سەرەکییەکانی کە لە لایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) بەکار دەهات بەتایبەتی لە عێراق و سوریا، چونکە دەسەڵاتێکی نزیک لە سەرووی بە بەکارهێنەرانی دەبەخشێت، لەوانە توانای ئەوەی هەیە بەخەبەر بمێننەوە و ئارام بن و تەرکیز بکەن بۆ چەند ڕۆژێک بەبێ خواردن بمێننەوە.

کاتێک تایبەتمەندییەکانی ئاڵودەبوون لە سوودەکانی زیاتر بوون، کاپتاگۆن لە ساڵانی هەشتاکاندا وەک بەرهەمێکی دەرمانسازی فەرمی لە ژێر یاسای ماددە کۆنترۆڵکراوەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لابرا.

بەڵام لە ساڵی 2016دا، بەرهەمهێنانی دەرمانەکە لە بازاڕی ڕەشدا لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و باکوری ئەفریقا تا دەهات زیاتر ئەبوو، بەشێکی لەبەر ئەوەی دروستکردنی ئەوەندە ئاسان بوو، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە گۆڤاری Basic & Clinical Pharmacology & Toxicology دەرمانسازی بنەڕەتی و کلینیکی ژەهراویناسی ژمارە 119 بڵاوکراوەتەوە. هاتووە: "بە پێچەوانەی دەرمانەکانی دیکەی کە خراپ بەکارئەهێنرێن، دروستکردنی نهێنی فێنثیلین سادەیە، بە بەکارهێنانی ئامێری تاقیگەی هەرزان و هەروەها ماددەی خاو کە بەشێوەی یاسایی بەردەستە."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە ملیۆنان حەبی کاپتاگۆن لە بازاڕی ڕەشدا دەستیان بەسەردا گیراوە ، ئەمەش یەک لەسەر سێی دەستبەسەرداگرتنی ئەمفیتامینە لە جیهاندا. کە لەم ساڵانەی دواییدا، بووە بە دەرمانێکی کە ساڵانە بایی چەندین ملیار دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرێت، کە بە شێوەیەکی بەرفراوانیش لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاردەهێنرێت.

نزیکەی 80٪ی دابینکردنی کاپتاگۆن لە جیهاندا لە سوریا بەرهەم دەهێنرێت، بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ئەم دواییەی حکومەتی بەریتانیا کە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بە "هێڵی ژیانی دارایی" بۆ ڕژێمی سوریا بەشار ئەسەد وەسف کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا دەڵێت زۆربەی کاپتاگۆن لەلایەن لایەنە سورییەکانەوە دروستکراوە کە پەیوەندییان بە بازنەی ناوخۆی بەشار ئەلئەسەدەوە هەیە و هەروەها حزبوڵا کە گروپێکی چەکداری بەهێزە لە لوبنان و ئێران پشتیوانی لێدەکات.

لە ساڵی 2020دا، هەناردەکردنی کاپتاگۆن لە سوریاوە گەیشتە لانی کەم 3.5ملیار دۆلار، پێنج هێندە زیاترە لە بەهای کۆی پیشەسازییەکانی هەناردەکردنی یاسایی وڵاتەکە، کە کەمێک زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو گروپە تیرۆریستییەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە داعش ناسراوە، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی کاپتاگۆنەوە بەهێز بوو، کە بووە هۆی بەهێزکردنی ورەی چەکدارەکانی و ڕێگەی پێدان بچنە ناو شەڕەوە بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدەن کە ئایا دەژین یان دەمرن.

ئان سپێکهارد بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی توندوتیژی (ICSVE) کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین چەکداری داعش کردووە و دەڵێت" دەرمانەکە هەستێکی سەرکەوتنی تا سەریان پێ دەبەخشێت لە کاتێکدا ڕێگەیان پێدەدات فشارەکان و سەختی و ئازاری جەستەیی جەنگ پشتگوێ بخەن."

سپێکهارد کە لە ساڵی 2006دا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە کردووە، وتی ئەو دڕندەییانەی چەکدارانی ئەو گرووپە لە 7ی مانگی دە ئەنجامیاندا، بەشێک نەبوون لە هیرشە ئاساییەکانیان. سپێکهارد دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە سەرم سوڕما لە سەربڕینەکان". "بۆ من ئەوە کاری ئاسایی حەماس نییە."

داعش و حەماس یەکەم گروپی تیرۆریستی نین کە ماددە هۆشبەرەکان بەکاربهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی مەبەستەکانیان، یان چەکدارەکانیان بۆ شەڕ بەکاری بهێنن.

ترەیسی واڵدەر، ئەفسەری پێشووی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆری سی ئای ئەی و بریکاری ئێف بی ئای، وتی زۆر جار چەکدارانی تاڵیبان و تەنانەت ئەلقاعیدە بینیوە کە لە ساڵانی دوای هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەری 2001 بۆ سەر نیویۆرک و واشنتن لەسەر ماددەی هۆشبەر ئاڵۆدەبوون.

دەیڤید ئادێسنیک، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسیەکان کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، لە میانەی چاوپێکەتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی تەلەگراف ڕایگەیاندووە “بازرگانیکردنی ڕژێمی سوریا بە بەهای ملیارەها دۆلار لە کاپتاگۆن یارمەتیدەر بووە بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە سەرانسەری ناوچەکەدا. بەکارهێنانی تیرۆریستانی حەماس لەم ماددە هۆشبەرە تەنیا کوشتنکاری زیاتر دەکات”.

کاپتاگۆن لە ساڵانی ڕابردوودا لە غەززە ناوبانگێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. حەبەکانی، کە دەتوانرێت بە یەک دۆلار یان دوو دۆلار لە وڵاتە هەژارەکاندا بکڕدرێت ، هەستکردن بە خۆشحاڵی هاندەدەن، پێویستی بە خەوتن کەمدەکەنەوە، ئارەزووی خواردن سەرکوت دەکەن و وزەی بەردەوام دابین دەکەن. دەوترێت دەرمانەکە تێکەڵەیەک لە فینێتیلین و کافاین و پڕکەرەوەی ترە.

بەکارهێنانی درێژخایەنی کاپتاگۆن دەبێتە هۆی خەمۆکییەکی زۆر و توڕەبوون و سستبوون و لەدەستدانی بینایی و کێشەی دڵ و خوێنبەرەکان.

زیادەڕۆیی لە ژەمی دەتوانێت لەو کەسانەدا ڕووبدات کە بۆ یەکەمجار بەکاریدەهێنن و هەروەها ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاریان هێناوە. زۆری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆر و مەترسیداری پەستانی خوێن، زیادبوونی لێدانی دڵ، بێهووشبوون یان کۆما، جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و مردن.

سەرچاوەکان: نیویۆرک پۆست/ The News Arab/The Jerusalem post

XS
SM
MD
LG