Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت حەماس سووتەمەنی نەخۆشخانەکان دەبات


لەشکری ئیسرائیل دەڵێت بەڵگەی لایە دەیسەلمێنێت چۆن حەماس سووتەمەنی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە دەبات و پێداویستییەکانی خەڵکی غەززە لەبەر چاو ناگرێت.

ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە نووسیویەتی "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئاشکرا دەکەین کە لە نێوان یەکێک لە فەرماندەکانی ڕۆژئاوای جەبالیای حەماس و هاووڵاتییەکی غەززە ئەنجام دراوە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلئەندونیسی."

دەڵێت ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئاشکرای دەکات چۆن حەماس دەستیگرتووە بەسەر سەرچاوەکانی وەزە لە کەرتی غەززە و بۆ پێداویستییەکانی خۆی بەکاریاندەهێنێت لەسەر حسابی پێداویستییەکانی دانیشتوانی سیڤیل.

ئەدرعی فایلێکی دەنگی داناوە و تیایدا کەسێک دەڵێت وەزیر ئابوری (حەماس) پێی وتوون بچن سووتەمەنی لە نەخۆشخانەی ئەندونیسی بهێنن، لە بەرامبەردا کەسەکەی دیکە دەڵێت "وتویەتی بە شەو وەرن بیبەن"، ئەویش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت "بە شەو بێت یان بە ڕۆژ چ جیاوازییەکی هەیە."

هەر لە پەیوەندی بە دۆخی ناهەمواری غەززە و بە تایبەت نەخۆشخانەکان، دوای تەواوبوونی سووتەمەنی نەخۆشخانەی دۆستایەتی تورکی فەلەستینی (مستشفى الصداقة التركي الفلسطيني) لە ڕۆژی چوارشەممە و داخرانی نەخۆشخانەکە، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەن ببەن بۆ تورکیا.

فەخرەدین کۆجا لە ڕاگەیاندنەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاویکردەوە، دەڵێت نەخۆشخانەکە لە ئەنجامی نەمانی سووتەمەنی و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل کارەکانی ڕاگرت. دەشڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە یارمەتی بدات لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی شێرپەنجە، وە ئامادەن لە زووترین کاتدا کاربکەن بۆ هێنانی ئەو نەخۆشانەی دەکرێت بگوێزرێنەوە بۆ تورکیا. بەڵام باسی لەوە نەکرد چۆن دەتوانن ئەو نەخۆشانە لە غەززەوە ببەن بۆ تورکیا.

پێشتر میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبیش ڕایگەیاند کە چارەسەری تەندروستی بۆ هەزار منداڵی غەززە دابین دەکات.

سەرچاوە: بەشێک لە زانیاررییەکان لە ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG