میدیاکانی میسر و ژمارەیەک سەرچاوەی سنووریی ڕایدەگەیەنن بۆ یەکەم جار کۆمەڵێک بریندار لە غەزەوە گواستراونەتەوە بۆ میسر، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی قەتەر نێوەندگیری دەکات، لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانیان دژی چەکدارانی حەماس لە ناوچەکە.
بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان میسر و ئیسرائیل و حەماس، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک لە خەڵکی بیانی و ئەوانەش کە برینەکانیان سەختە ڕێگەیان پێدەدرێت ناوچە گەمارۆدراوەکە جێبهێڵن. ئەو کەسانەش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە دەروازەی سنووری ڕەفەحەوە گواستراونەتەوە.
کاربەدەستانی تەندروستی فەلەستین دەڵێن ئەو گواستنەوانە دوای ڕۆژێکی دیکەی خوێناوی غەززە دێت، لە کاتێکدا ڕۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئۆردوگایەکی پەنابەران نزیکەی 50 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا فەرماندەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس و چەندین چەکداری دیکە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل دوای چەند هەفتەیەک لە بۆردومانی ئاسمانی، ژمارەیەک هێرشی زەمینی کردووەتە سەر غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس وەک تۆڵەسەندنەوە بۆ هێرشە خوێناویەکەی ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ئەو ڕێکخراوە ئیسلامییە بۆ سەر باشوری ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەڵێنی لەناوبردنی حەماسی داوە. بەڵام ژمارەی کوژراوە سیڤیلییەکان لە غەززە و بارودۆخی مرۆیی، نیگەرانی لە سەرانسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، لە کاتێکدا خۆراک، سوتەمەنی، ئاوی خواردنەوە و دەرمانیش هەروادێ و کەمتر دەبنەوە، هاوکاتی هەوڵی بەردەوامی نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی میسریی پێشتر ڕایگەیاندبوو ڕۆژی چوارشەممە 500 کەسی بیانی لە دەروازەی سنووری ڕەفەحەوە دەپەڕنەوە، سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند هەمان ڕۆژ نزیکەی 200 کەس لە دیوی سنوری فەلەستینەوە چاوەڕێی پەڕینەوە بوون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز