Accessibility links

جارێکی دیکە هێرش دەکرێتە سەر بنکەی عەین ئەلئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق


سەرچاوەیەکی ئاسایشی و سەرچاوەیەکی حکومی عێراق ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان لە عێراق کردە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی تێدایە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کرد، هێرشەکە لە بەرەبەیانی سێشەممەدا کراوتە سەر بنکەکە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.

گروپێک بە ناوی (المقاومة الأسلامية في العراق) بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە زیادیان کردووە. گروپە چەکدارەکانی عێراق کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئێران هەڕەشە دەکەن، ئەگەر واشنتن پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات لە دژی حەماس، ئەوا کاردانەوەیان دەبێت.

ڕۆژی دووشەممەش، چوار مووشەکی کاتیۆشا ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەد کران، بەڵام ڕوون نەبووەتەوە کە هێرشەکان زیانی گیانی و ماددییان لێکەوتووەتەوە یان نا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG