باڵی چەکداری حەماس کە بە عیزەدین قەسام ناسراوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "نزیکەی 50" بارمتەی ئیسرائیلی کە لە دوای هێرشەکانی حەوتی مانگەوە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر بوون، لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل کوژراون.
ئەم گرووپە لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "لیواکانی قەسام مەزەندە دەکەن کە ژمارەی زیندانیانی زایۆنیستی کە لە ئەنجامی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە کوژراون، نزیکەی 50 کەسن."
حکومەتی ئیسرائیل و هیچ سەرچاوەیەکی تر تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەواڵی کوژرانی بارمتەکانیان پشتڕاستنەکردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت حەماس لە هێرشە لەناکاوەکەی 7ی دە 2023 بە لایەنی کەمەوە 224 هاووڵاتی ئیسرائیلی ڕفاندووە، کە زیاتر لە نیوەیان پاسپۆرتی بیانییان هەیە و سەر بە 25 وڵاتی بیانین.
لە درێژەی هیرشەکانیدا بۆ سەر غەززە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە درەنگانی شەو هێزە زەمینیەکانی و تانکەکانی بۆ ماوەیەکی کورت جوڵەیان کردووە بۆ ناو باکوری غەززە و چەند ئامانجێکیان پێکاوە.
ئەمە لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، "ئامادەکاری بۆ لەشکرکێشییەکی زەمینی دەکەین کە دەکرێت یەکێک بێت لە کۆی چەند هێرشێک. لەبارەی ئەوەی کەی هێرشەکە دەکرێت و چۆن دەکرێت و چەند کەس بەشداردەبن وردەکاری زیاتر ناخەمەڕوو."
لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی ئیسڕائیل و پێشڕەوی زەمینی بۆ ناو غەززە، حەماس هەڕەشەی کوشتنی بارمتەکانی ئیسڕائیلی کردووە.
لە ئەگەری بەردەوامی شەڕەکە، سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ترسیان لەوە هەیە شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا بەرپاببێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامداوە و باسیان لە "هەوڵە بەردەوامەکان" کردووە بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنی ئەو ئەمەریکاییانەی کە لە غەززە بە بارمتە گیراون. هەروەها باسیان لە ڕێڕەوی تێپەڕاندنی سەلامەت بۆ ئەو بیانیانە کردووە کە دەیانەوێت غەززە بەجێبهێڵن، ئەمە جگە لە ڕۆیشتنی بەردەوامی یارمەتی مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی غەززە.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک بایدن لەگەڵ ناتانیاهۆ باسی دۆزینەوەی ڕێگایەکی کردووە "بۆ ئاشتی هەمیشەیی لەگەڵ گەلی فەلەستین" سەرەڕای جەختکردنەوە لەوەی کە ئیسرائیل "هەموو مافێکی هەیە" بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی خۆی لە تیرۆر، بە شێوەیەک ئەنجامدانی ئەو ئەرکە لەگەڵ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز