کەناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند، شەوی چوارشەممە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا، هاوسەر و کوڕ و کچی یەکێک لە پەیامنێرانی وڵاتەکەی لە غەززە کوژراون کە وەزارەتی تەندروستیی ناوچەکە ڕایگەیاند، لانیکەم 25 کەس بەهۆی بۆردومانەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سەبارەت بەو هێرشانە نەدراوە. بۆردومانەکە بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە کە بنەماڵەی وائر دەحدوح لێی هەڵاتوون، دوای هۆشدارییەکەی ئیسرائیل کە پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دانابوو.
کەناڵی ئەلجەزیرە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ماڵەکەیان لە کەمپی نەسیرات لە ناوەڕاستی غەززە کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا دوای دەستپێکردنی بۆردومانەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە و پەنایان بردووە بۆ ئەوێ، ئەمەش دوابەدوای ئەوەی ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دایە هاووڵاتیانی ناوچەکە ڕوو لە باشوور بکەن."
کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند؛ ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی دەحدوح لە ژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە. تۆڕەکە گرتە ڤیدیۆییە ڕاستەوخۆکانی پەخشکرد کە دەحدوح دەگریا، کاتێک دەبینێت ئەندامانی خێزانەکەی لە نەخۆشخانەن و گیانیان لەدەستداوە.
کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کەناڵەکەیان بە توندی ئیدانەی بە ئامانجگرتن و کوشتنی بێ جیاوازیی خەڵکی مەدەنی بێتاوان لە غەززە دەکات کە بووەتە هۆی لەدەستدانی بنەماڵەی وائیل ئەلدەحدوح و ژمارەیەکی بێشوماری دیکەش.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز