سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕایگەیاند دانوستانەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکانی کە لەلایەن حەماسەوە ڕفێندراون ، بەردەوامە و هیوادارە بەم زووانە پێشوەچوونێک ڕووبدات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوای هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کرد و هۆشداریدا لەوەی هەر هێرشێکی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە کە بە چڕی دانیشتووانی مەدەنی لێیە، وادەکات ئازادکردنی بارمتەکان "زۆر قورستر بێت".
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پایتەختی قەتەر وتی هەندێک پێشکەوتن و هەندێک کرانەوە هەیە و ئومێدمان هەیە.
قەتەر، کە وڵاتێکی دەوڵەمەندی بەرهەمهێنەری غازە، گفتوگۆیەکی کراوەی لەگەڵ هەردوولا، ئیسرائیل و حەماس ئەنجامداوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئازادکردنی چوار بارمتە کە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ی مانگی دە ڕفێندرابوون، لە ناویاندا دوو ژنی ئیسرائیلیش کە ڕۆژی دووشەممە ئازادکران.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایانگەیاند، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززه هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ئاڵۆزتر دەکات.
هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحە قسەی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئیسرائیل بۆ ناو غەززە، شەڕەکەی ئەوێ دەکاتە کۆمەڵکوژی.
فیدان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی پشتگیری لە کردەوەکانی ئیسرائیل دەکەن لە ژێر بە نێوی هاودەنگی کردن "هاوبەشی تاوانەکانی"ن.
لە 7ی مانگی دە نزیکەی 222 کەس وەک بارمتە دەستبەسەرکران کە تەمەنیان لە نێوان 9 مانگەوە تا 85 ساڵ بوو، کاتێک حەماس و چەکدارانی دیکە لە باشووری ئیسرائیلدا دەستیان بە هێرش کرد و تەقەیان لە شۆفێران کرد و خەڵکی مەدەنییان بە بارمتە گرت، لەنێویاندا منداڵانیش. ئەو خەڵکانەی ڕزگاریان بووە دەگێڕنەوە کە حەماس خەڵکیان لە ماڵەکانی خۆیاندا سووتاند و بە چەقۆ کوشتووە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە حەوتی مانگی دەوە لانیکەم شەش هەزار و 546 فەلەستینی بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە دوو هەزار و 704یان منداڵن. تەنها لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 756 کەس کوژراون.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز