Accessibility links

بلینکن هۆشداریی دەدات بە ئێران کە ئەمەریکا دژ بە هەر هێرشێک وەڵامی "یەکلاکەرەوە" دەداتەوە


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دەدات بە ئێران کە ئەمەریکا وەڵامی "یەکلاکەرەوە" دەداتەوە بۆ هەر هێرشێک لەلایەن بەکرێگیراوەکانییەوە بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە کاتێکدا گرژییەکان لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاد دەکەن .

بلینکن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "ئەمەریکا نایەوێت بکەوێتە ململانێ لەگەڵ ئێراندا، ئێمە نامانەوێت ئەم شەڕە پەرەبستێنێت. بەڵام ئەگەر ئێران یان بەکرێگیراوەکانی هێرش بکەنە سەر کارمەندانی ئەمەریکایی لە هەر شوێنێک، ئەو هەڵەیە مەکەن، ئێمە بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین، بەرگری لە ئاسایشی خۆمان دەکەین و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەینەوە."

ئەمەریکا ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هاوکار بووە لە نوێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک دژی چەکدارانی داعش لەو وڵاتەدان.

ئێران پشتیوانی لە حەماس دەکات، کە هێرشە کوشندەکەی حەوتی مانگی دەی لە ناوخۆی ئیسرائیل ئەنجامدا، کە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە توندی وەڵام درایەوە. هەروەها ئێران پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ میلیشیای حزبوڵای لوبنان هەیە کە زۆرجار لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە سنوری نێوان هەردوو وڵات پێکدادان ڕوویداوە.

بلینکن وتی: "دەبێت دان بە مافی هەموو نەتەوەیەکدا بنێین کە بەرگری لە خۆی بکات و ڕێگری بکەین لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە زیانانە. "هیچ ئەندامێکی ئەم ئەنجومەنە هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەرگەی سەربڕینی گەلەکەی خۆی بگرێت".

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG