وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن، دوای هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سەربازان و کارمەندانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
ڕاوێژکاری گەشتیاری وەزارەکە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "گەشت بۆ عێراق نەکەن بەهۆی تێرۆر و ڕفاندن و ململانێی چەکداری و نائارامی دۆخی سیڤیل و سنوورداری توانای شاندەکەی عێراق لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکایی."
لەوەتای شەڕ هەڵگیرساوەتەوە لە نێوان چەکدارانی حەماس و ئیسرائیل، چەندین جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. هەروەها هەفتەی ڕابردوو کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا زیاتر لە 12 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی و 4 موشەکی کروزی خستە خوارەوە کە لە لایەن حوثییەکانی سەر بە ئێرانەوە لە یەمەنەوە هەڵدرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنەکەی وتیشی فەرمان بە فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانە لە بەغدا و لە کونسوڵخانە لە هەولێر کراوە خۆیان و خێزانەکانیان عێراق جێبهێڵن بەهۆی هەڕەشە ئاسایشییەکان. داواشیان لێکراوە هەتا دەتوانن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادەوە گەشت نەکەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز