یەکەم بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان دوای 12 ڕۆژ لە گەماڕۆی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، ڕۆژی شەممە21ی ئەم مانگە لە میسرەوە لە ڕێگای دەروازەی ڕەفەحەوە گەیشتە غەززە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی 20 بارهەڵگری یارمەتییەکان لە خاڵی سنووری ڕەفەحەوە بڕوەنە غەززە.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە قودس سەرەتای ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە دەروازەکە لە کاتژمێر 10:00 بەیانی بە کاتی ناوخۆ دەکرێتەوە.
لە بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تا ئێستا دیار نییە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی رەفەح تا چەند بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەگەر سنوورەکە بکرێتەوە خەڵکێکی زۆر هەوڵی بەزاندنی ئەو سنوورە بدەن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەمەریکا بەو فەلەستینیانەی کە ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان هەیە، ڕاگەیاند خۆیان بگەیەنە بەشی باشووری نزیک ڕەفەح، بۆ ئەوەی هەرکاتێک دەروازەکە لە بەشی میسردا کرایەوە، بەخێرایی ئەو شوێنە بەجێبهێڵن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە سەعاتەکانی سەرەتای کردنەوەی دەروازەکەدا، 20 بارهەڵگر کە هاوکاری مرۆیی لەخۆدەگرن، لەوانەش خۆراک و دەرمان، ڕۆیشتوونەتە ناو غەززەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی وێڕای ئامادەبوونی لە دەروازەی سنووریی ڕەفەح لە نێوان میسر و کەرتی غەززە، داوای لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی بگاتە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکانی غەززە.
جۆوو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاش لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە گەشتە کورتەکەی لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی نیو سەعاتی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر،ڕێککەوتوون لەسەر کردنەوەی دەروازەی سنووری ڕەفەح بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە.
هەروەها ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕێگری لە هاتنی بارهەڵگرەکانی هاوکاری بۆ غەززە ناکات و دەشڵیت بەڵام ڕێگە نادات ئەو هاوکارییانە بگاتە دەستی حەماس.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز