Accessibility links

کۆشکی سپی داوا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات بڕی 106 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل تەرخان بکات


کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی 20ی ئەم مانگە داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە نزیکەی 106ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامەکانی پەیوەست بە ئۆکرانیا و ئیسرائیل و ئاسایشی سنوورەکانی ئەمەریکا تەرخان بکات.

داواکارییەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەم بودجەیە دوای چەند ڕۆژێک لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیلیە کە بۆ پیشاندانی هاوسۆزی ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل گەشتی بۆ ئەو وڵاتە کردبوو.

بایدن هیوادارە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ شەڕی ئۆکرانیا، ئاسایشی سنوورەکان، یارمەتی پەنابەران، ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی چین و ئەولەویەتەکانی دیکەی ئەمنی، بتوانێت بودجەی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆنگرێسدا پەسەند بکات.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، 3ی ئەم مانگە کیڤن مەکارتی لە پارتی کۆمارییەکانیان لە سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنە دوورخستەوە و تا ئێستا جێنشینەکەی هەڵنەبژێردراوە.

جیم جۆردن کە لەلایەن کۆمەڵێک نوێنەری کۆمارییەکان کاندید کراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە، ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە لە خولی سێیەمی دەنگداندا شکستی هێنا و نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.

بەشێک لە نوێنەرانی پارتی کۆماری بەرامبەر بەردەوامبوونی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا ڕەشبینن و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە خەرجی و قەرزەکانی حکومەت، لە رێگای پەسەند نەکردنی بودجەوە، هەڕەشەی داخستنی حکومەتی ئەمەریکایان کردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG