ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە گەشتێکی دوو ڕۆژەی بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە دەستپێکرد و لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم کۆبووەوە کە ئامانج لێی نیشاندانی هاوسۆزیە لەگەڵ ئەو وڵاتە دوای هێرشە چاوەڕاننەکراوەکانی 7ی مانگی دەی حەماس.
هەروەها سوناک لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، پێش ئەوەی گەشت بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکات.
هەرزۆگ لە دانیشتنێکدا بە سوناکی وت " ئەم ساتەی ئێستا تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانین کێ هاوڕێی ئێمەیە و لەگەڵمانە. وە تۆ لە یەکەم ساتەوە لەگەڵمان بوویت و ئێمە سوپاسی پشتگیرییەکانت دەکەین."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و هێرشی حەماسی بە “کردەوەیەکی تیرۆریستی” ناوبرد.
سوناک جەختی لەوە کردەوە کە " شان بە شانی ئیسرائیل دەوەستینەوە"، هەروەها سوپاسی حکومەتی ئیسرائیلی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە پێشکەشی هاووڵاتییە بەریتانییەکانی کردووە لە کاتی هێرشەکەدا.
بەریتانیا هەوڵی کردنەوەی دەروازەی سنووری ڕەفەح لە نێوان غەززە و میسر دەدات بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بدات و هاووڵاتیانی بیانیش بتوانن ناوچەکە جێبهێڵن.
دوای سەردانێکی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێگەدان بە یارمەتییە مرۆییە سنوردارەکان بۆ چوونە ناو غەززە، بایدنیش وتی میسر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی دەروازەکە بۆ 20 بارهەڵگر.
سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس