Accessibility links

قەتەر: شەش ملیار دۆلاری ئێران بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان تاران و واشنتن خەرج دەکرێت


قەتەر ڕۆژی هەینی، 13ی مانگی دە ڕایگەیاند کە پابەندە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە شەش ملیار دۆلار پارەی ئێرانی لە یەکێک لە بانکەکانیدا.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ڕایگەیاند ئەو شەش ملیار دۆلارە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران خەرج دەکرێت.

لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە قەتەرییە لە کاردانەوە بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی میدیا ئەمەریکاییەکان و بەتایبەت ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بوو کە باسی لەوە کردبوو کە ئەمەریکا لەگەڵ قەتەر گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی شەش ملیار دۆلارەکەی ئێران ئازاد نەکرێت. ئەو ئاژانسە هەواڵییە ڕایانگەیاندبوو کە هۆکاری ئەو کارە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە گرووپی حەماس و هێرشە کوشندەکەی بۆ سەر ئیسرائیل.

ئاژانسە هەواڵییەکانی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بە قسەی جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا کردبوو کە ڕایگەیاندبوو "دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و قەتەر ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ڕێگری لە ئێران بکەن بۆ دەستڕاگەیشتنی بەو شەش ملیار دۆلارەی لە کۆریای باشوور ئازادکراوە."

ئەو بڕە پارەیە مانگی ڕابردوو لە هەژمارەکانی ئێران لە کۆریای باشوور، بەرامبەر بە ئازادکردنی پێنج ئەمەریکایی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ قەتەر گواسترایەوە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمە ریکاڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئەم مانگە لە تەلئەبیب، دوای دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا کۆنترۆڵی توندی بەسەر ئەو پارەیەی ئێران هەیە لە قەتەر و مافی بڵۆککردنیشی هەر کاتێک پێویست بکات هەیە.

بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە هیچ لەو پارەیە خەرج نەکراوە و ئاماژەی بەوەشکرد خەزێنەی ئەمەریکا چاودێری ئەو حسابە بانکییە دەکات کە پارەکەی تێدا هەڵدەگیرێت و پارەکە تەنها بۆ کەلوپەلی مرۆیی و خۆراک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی خەرج دەکرێت و هەرگیز دەستی بەرپرسانی کۆماریی ئیسلامی بەو پارەیە ناگات.

XS
SM
MD
LG