کۆشکی سپی ڕایگەیاد ژمارەی ئەو ئەمەریکاییانەی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 27 کەس.
جان کربی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند " لە خەمناکترین هەواڵەوە دەست پێدەکەم. ئێستا دەتوانین ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی کە دەزانین کوژراون بە 27 کەس ڕابگەیەنین و ژمارەی ئەوانەی کە بێسەروشوێنن 14 کەسە. بێگومان ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پشتگیریکردن و ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە پێنج خێزانی تر ئەم هەواڵە ناخۆشەیان پێگەیشتووە و گوتیشی ئەمە بۆ ئەو خێزانانەش بەهەمان شێوە ناخۆشە کە کەسەکانیان بێسەروشوێنن.
گوتیشی "بە دڵنیاییەوە، ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زۆرترین زانیاریمان دەستبکەوێت و لەگەڵیاندا بەشی دەکەین."
کربی گوتیشی "سەرۆک داوای لە تیمەکەی کردووە دڵنیابن لەوەی کە ئێمە هاوکاری ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکەین کە دەیانەوێت ئیسرائیل بەجێبهێڵن و ئامرازێکی سەلامەتیان بۆ دابین دەکەین بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
قسەکانی کربی لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێک گەیشتە ئیسرائیل و لەوێوە پشتیوانی ئەمەریکای بۆ ئەو وڵاتە دووپاتکردەوە.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس خزانە نێو شارۆچکە بچووکەکان و کۆمەڵگەکان و فێستیڤاڵێکی میوزیک لە ئیسرائیل و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی زیاتر لە هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 150 کەسیشیان بە بارمتە گرت.
ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا هێرشی ئاسمانی و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە،کە ناوچەیەکی چڕ و پڕی دانیشتووان و 2.3 ملیۆن کەسی تێدایە، دەستپێکرد و لەوکاتەوە زیاتر لە 1400 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.