کاربەدەستان دەڵێن، ڕۆژی چوارشەممە جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەدوێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بایدن "باس لە پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس و کارەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی جووەکان" دەکات.
هەروەها دۆگلاس ئیمهۆف هاوسەری جێگری سەرۆک کامالا هاریس کە جووە، سەرکردایەتی زنجیرەیەک چالاکیی کردووە لەگەڵ کۆمەڵگەی جووەکاندا، ئەویش لە ڕێوڕەسمەکەدا دەبێت.
بایدن ڕۆژی سێشەممە بەهێزترین پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل نیشان دا کاتێک "خراپەکاری تەواو"ی هێرشەکانی گروپە چەکدارە فەلەستینییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە کرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 1200 کەس.
لانیکەم 14 ئەمەریکایی لە نێو ئەو کەسانەن کە کوژراون، ژمارەیەکی نادیار لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.
بایدن وتی ئیسرائیل کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە و زیاتر لە هەزار کەسی کوشتووە، "ئەرک"ی لەسەرە کە ڕووبەڕووی گروپێک بێتەوە کە "مەبەستی ڕاگەیەندراویان لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیلە".
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆمار لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە.