Accessibility links

کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە بەرامبەر بە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل و پشتیوانی ئێران لە حەماس


هاوکاتی ئەوەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان، هێرشەکانی حەماسیان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل شەرمەزار کردووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە هێرشەکانی ئەو گرووپە دەکات.

گرووپی چەکداری حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەلایەن ئەمەریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.

ڕۆژی شەممە،7ی مانگی دە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی حەماس لەدژی ئیسرائیل کرد.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سوریا" ناوبرد.

یەحیا سەفەوی، ڕاوێژکار و یاریدەدەری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش "پیرۆزبایی" لە ئۆپەراسیۆنەکانی میلیشیا فەلەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی "کۆماری ئیسلامی تا ئازادکردنی فەلەستین و قودس لە تەنیشت موجاهیدانی فەلەستینەوە دەوەستێت."

گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانیش کە یەکێکە لەو گرووپانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی دەکات، پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لە دژی ئیسرائیل کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیلی بە "ئەنجامی سروشتی داگیرکاریی دەیان ساڵە"ی ئیسرائیل دەزانێت و پاساویان بۆ دەهێنێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش هەروەها ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی کوەیتیش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکان، ئیسرائیلی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکان.

لەلایەکی دیکەوە، لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی نێوان "ژمارەیەک لە گروپە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل" دەکات.

ئیمارات و عومانیش ڕایانگەیاندووە کە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ دەستوەربدەن بۆ وەستاندنی پەرەسەندنەکان و پەنابردن بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان.

گرووپی ئیسلامی حەماس، ڕۆژی شەممە7ی مانگی دە گەورەترین هێرشی خۆی لەدژی ئیسرائیل ئەنجامدا و شار و گوندەکانی ئیسرائیل لە باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل بە سەدان هێرشی موشەکەکانی حەماس کرانە ئامانج و چەکدارانی ئەو گرووپە بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران چوونە ناو ناوچەکانی باشووری ئیسرائیلەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ماڵپەڕی "ئۆرشەلیم پۆست" هەواڵی کوژرانی لانیکەم 44 هاووڵاتی ئیسرائیلی و برینداربوونی 700 کەسی بڵاو کردوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسنی لە کاردانەوە بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندوە و دەڵێت کە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر پێگەکانی ئەو گرووپە لە کەرتی غەززە بەردەوامە.

سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG