سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی لە نێرگس محەمەدی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023 و داواش لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات دەستبەجێ محەمەدی و چالاکوانانی دیکەی یەکسانیخوازی جێندەری ئازاد بکات.
جۆو بایدن بە ئاماژەدان بە ورەی بەرز و خۆڕاگری محەمەدی، گوتی پابەندبوونی ئەو بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی شیاوی ژنان و خەڵکی ئێران، ئیلهامبەخشە بۆ خەباتکارانی مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ لە هەموو شوێنێکی جیهاندا.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەهێزبوونی ئیرادە و هەوڵەکانی خاتوو محەمەدی سەرەڕای چەندین جار دەستگیرکردن و هەراسانکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ناڕەوای بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند و گوتی ئەم خەڵاتە نیشانەی سوپاسگوزارییە لە هەوڵەکانی خاتوو محەمەدی و هەروەها نیشانەی پێشوازیکردنی جیهانە لە بانگەوازەکەی بۆ ئازادی و یەکسانی.
جۆو بایدن بە ئاماژەدان بە هاوکاتبوونی پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشی پۆلیسی ئاکار بۆ سەر ئارمیتا گراوەند، نەوجەوانێکی تەمەن 16 ساڵ، گوتی کە خەڵکی ئێران لە خەباتکردن بۆ ئایندەیەکی ئازاد و دیموکرات ناوەستن و بێدەنگ نابن و ترس و تۆقاندن قبوڵ ناکەن.
بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا بزوتنەوەی ئاشتیانەی ژن، ژیان، ئازادی خەڵکی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ هیوای بە خەڵک لە هەموو جیهان بەخشیوە.
جۆو بایدن لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هێشتا ڕێز لە ورەی هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو کەسانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بریندار بوون و دەستبەسەر کراون، دەگرێت و گوتیشی ئەمەریکا هەروەها پشتیوانی لە هەوڵەکانی خەڵکی ئێران دەکات بۆ بەرگریکردن لە داهاتوویان و لە ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی جێندەری و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی جێندەری دژی ژنان و کچان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جۆو بایدن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا لە پاڵ نێرگس محەمەدی و خەڵکی ئازای ئێران و هەموو ئەوانەیە کە خەبات بۆ دروستکردنی جیهانێکی یەکسانتر و ئازادتر لە سەرانسەری جیهاندا دەکەن.
بایدن وێڕای پیرۆزبایی کردنی لە نێرگس محەمەدی، دەڵێت "بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی" هیوای بە خەڵک لە هەموو جیهان بەخشیوە
