Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران ناکۆکییەکان لەسەر یارییەکی تۆپی پێ لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە هێوردەکاتەوە


دیپلۆماتکاری باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەممە ناکۆکییەکانی لەگەڵ سعوودیە کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا کەمکردەوە و پێداگری کرد کە پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە کە ڕکابەرێکی دێرینی ئێرانە لە ناوچەکەدا، بەرەو باشتر دەڕوات.

ناکۆکییەکە لەسەر پەیکەریکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی سوپای پاسداران بوو لە یاریگای شاری ئەسفەهان.

یانەی ئیتیحادی سعوودی، ڕەتیکردەوە بچێتە نێو یاریگەکە بۆ یارییەکەی لەگەڵ یانەی سپاهانی ئێرانی، لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بە پەیکەری سولەیمانی، کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێرانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردبوو، بەر لەوەی لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکادا لە عێراق بکوژرێت.

دواتر یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا پشتڕاستیکردەوە کە یارییەکە هەڵوەشاوەتەوە "بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینی نەکراوەوە".

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "من و وەزیری دەرەوەی سعودیە پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ یەکتردا هەبووە" دوای ڕووداوەکەی ڕۆژی دووشەممە.

گوتیشی " پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات و نابێت ڕێگە بدەین وەرزش ببێتە بابەتێکی سیاسی لە دەستی هیچ لایەکدا."

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان داوای لە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا کرد "لەسەر بنەمای تەکنیکی بیر لەم ڕووداوە بکاتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ یانە سعودییەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی یارییەکە دووبارە بکرێتەوە.

سولەیمانی وەک کەسایەتییەکی باڵا لە ئێران لێی دەڕوانرێت بەڵام بۆ سعودیە چەقۆکێشە، چونکە زیاتر لە دە ساڵ پێش کوژرانی سەرپەرشتی دەستێوەردانی ئێرانی لە ململانێکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا کردووە.

نزیکبوونەوەی نێوان هەردوو حکومەت بە نێوەندگیری چین، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە چاککردەوە و کۆتایی بە پچڕانی حەوت ساڵە هێنا، هەروەها دەستپێکردنەوەی یارییە وەرزشییەکان.

یارییەکەی ڕۆژی دووشەممە دووهەم جار بوو کە یانەیەکی سعودی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئێران یاری بکات لە دوای چاکبوونەوەی پەیوەندییەکان.

لە 19ی مانگی نۆ، یانەی ناسری سعوودی کە شانازی بە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پێنج جار براوەی تۆپی زێڕین دەکات لە نێو ئەستێرەکانیدا، لە یەکەم یاریدا لە یانەی پێرسپۆلیسی پایتەختی ئێرانی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر، بردەوە.

XS
SM
MD
LG